توركیا بەرێكارەكانی قەدەغەكردنی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە پابەندنییە

ڕاپۆرت

29/06/2020‌ 615 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردووەتەوە، كە حكومەتی توركیا وەك پێویست پابەندنەبووە بە لایەنی كەمی پێودانگەكانی بواری بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.

ڕاپۆرتە ئەمریكییەی ساڵی 2020 ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەڵێت: هێشتا پۆلێنكردنی ئەنقەرە لەو بوارە‌دا لە ئاستی دووەمدایە كە ئاستێكی قبوڵنەكراوە لە لێوەشاوەیی دەزگا فەرمییەكانی توركیا لە پەیڕەووكردنی یاسای پاراستنی قوربانیانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، بەڵام بە بەراورد بە ڕاپۆرتەكانی ساڵانی پێشوو، ئەنقەرە كۆششی زیاتری‌ لەم بوارەدا كردووە.

ڕاپۆرتەكە‌ لایەنی كەمی ئەو پێودانگانەی دیاریكردوون، كە پێویستن بۆ بنەبڕكردنی بارزگانیكردن بە مرۆڤەوە، وەك سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە كە شیاو و گونجاوبن لەگەڵ ئەو تاوانە تایبەتانەدا، بە جۆرێك بتوانن بكەرانی تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەمكوت بكەن، یان ڕەنگدانەوەیەكی گونجاوی كۆشەكان بێت بۆ جەنگان دژ بە تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.

ڕاپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، كە ئەنقەرە زۆرێك لەو قوربانییانەی دیاریكردوون و چاوپێكەوتنی لەگەڵ قوربانییە شیمانەكراوەكان ئەنجامداوە، ڕوماڵ و ڕاوێژكاری ئەنجامداون بۆ داڕشتنی پلانێكی كاری نیشتمانی تازە و ڕاهێنانی ئاست بەرزیشی دەستەبەر كردووە سەبارەت بە سەرجەم پرسەكانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.

ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوەش داوە، كە حكومەتی توركیا پارەی بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی ئەو تاوانە تەرخانكردووە، لیژنەی نیشتمانی و 6 لیژنەی دیكەی خۆجێیی كۆششیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانە كردووە.

لەم ساڵانەی دوایدا توركیا زیاتر لە جاران و بە شێوەیەكی بەرچاو بۆتە دەوڵەتێكی پردەباز بەرەو یەكیەتی ئەوروپا بۆ ئەوانەی بە هۆی هەژاری و ململانێكان و كارەساتە سرووشتییەكانەوە لە دەوڵەتانی ئاسیاوە هەڵدێن و كۆچ دەكەن.

توركیا میوانداری كۆمەڵێكی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەفغانی و پاكستانی و عێراقی و ئەفریقی دەكات كە بەو ئومێدەن لە ڕێگەی توركیاوە بگەنە ئەوروپا.

بە گوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕی كۆچكردن، تا ئێستا توركیا لە 1 یەنایەری بۆ 17 ی سێپتێمبەری ساڵی 2019، نزیكەی 270  هەزار كۆچبەری نایاساییان دەستگیركردوون كە بەڵگەنامەی پێویستیان پێ نەبووە.

ئەو بەرێوەبەرایەتییەی توركیا تواناكانی خۆی پەرەپێداوە بۆ ئاشنابوون بە قوربانییانی بارزگانیكردن بە مرۆڤەوە و یارمەتیداون.

ڕاپۆرتەكە دەشڵێت: دەزگای دادوەری توركیا لە ڕووی لێوەشاوەیی و پێداویستییەكانەوە كەموكورتی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەیسەدا، چونكە بە هۆی نەبوونی بەڵگە پێویستەوە زۆرێك لە تۆمەتبارانی ئەو كەیسانە بێتاوان دەرچوون و كەیسەكان داخراوان و لە چوارچێوەی تاوانی بچوكتردا پۆلێن كراون.

ڕاپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، كە ئەنقەرە یارمەتییەكی تایبەتی سنورداری لەو بوارە‌دا پێشكەش كردووە وەك پرۆگرامی یارمەتیدانی قوربانیان و هەلی سنوردار بۆ هاندانی قوربانیان لەوەی‌ لە لێكۆڵینەوەكاندا هاوكار و هەماهەنگبن.

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش داوە، كە حكومەتی توركیا لە هەندێك باردا سزای ئەو قوربانییانەی داوە‌، كاری نایاساییان ئەنجام داون، لە كاتێكدا قوربانییەكان لە لایەن ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن ناچاركراون ئەو تاوانانە ئەنجام بدەن.

ڕاپۆرتەكە هەروەها دەڵێت: قوربانییانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لە توركیا بە شێوەیەكی سەرەكی خەڵكی ناوەڕاست و و باشوری ئاسیا و ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئازەربایجان و ئەندونوسیا و مەغریب و سوریان.

لای خۆشییەوە وەزارەتی دەرەوەی‌ توركیا نائومێدی خۆی دەربڕی لەوەی ئەمریكا لەو ڕاپۆرتەدا پێگەی توركیای لەو پۆلێنكردنەدا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە بەرەو باشتر نەبردووه، سەرباری ئەوەی ڕاپۆرتەكە ئاما‌ژەی بە كۆششەكانی توركیا كردووە لەو بوارەدا. 

ئەمەش لەو بەیاننامەیەدا گوزارەی لێكراووە كە وەزارەتی دەرەوەی توركیا وڵامی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای ساڵی 2020 ی داوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی‌ توركیا وتویەتی: توركیا بارگرانی نزیكەی 4 ملیۆن پەنابەری لە ئەستۆ گرتووە، بە هۆی ناسەقامگیری ناوچەكەشەوە بەردەوامە لە پێشوازیكردنی ژمارە هەڵكشاوەكانی ئەو پەنابەر و كۆچبەرانە.

بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەڵێت: سەرباری هەموو بارگرانییەكان، كەچی هێشتا توركیا بەردەوامە لە كۆششەكانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، ئەمەش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و هاریكاریكردنی ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و مەدەنییەكان و سزادانی ئەوانەی لە تاوانی بارزگانیكردن بە مرۆڤەوە گلاون.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە