ئەمریكییەكان بەرانبەر كردەوەكانی توركیا لەباشوورو رۆژئاوای كوردستان دەنگ هەڵدەبڕن

کوردستان

30/06/2020‌ 2815 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەردەوامی هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كوشتنی خەڵكی مەدەنی و تیرۆركردنی چالاكان و ئاوارە و دەربەدەكردنی هاووڵاتیان لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەپاساوی بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی پارتی كریكارانی كوردستان بووەتە هۆی ئەوەی كۆمەڵێك سیاسی و كەسایەتی دیاری ئەمەریكی بەرانبەر بەو كردەوانەی توركیا دەنگ هەڵبڕن و داوا لەئیدارەی ئەمەریكا بكەن سنوورێك بۆ كارە وەحشیگەرانە و نامرۆڤانەیەی توركیا دابنێت.

لەو بارەیەوە ڕیك سانتوروم سیناتۆری پێشووی ئەمەریكا لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی ئەوەی توركیا لە سوریا و عێراق دەیكات قبووڵ ناكرێت، هەروەك ئەو وڵاتەشی بەئەنجامدانی كردەەوەگەلی دڕندانە و دژە مرۆڤانە تۆمەتبار كردووە.

تویتەكەی سانتوروم بەهۆی تویتێكی پێشووتری تۆنی بیركنزی سەرۆكی ڕێكخراوی ئەنجوومەنی لێكۆڵینەوەكانی خێزان بوو لە ئەمەریكا، كە نووسیبووی: بەهۆی ئەوەی ئێمە لە وڵاتەكەی خۆماندا رووبەرووی قەیران بووینەتەوە، ئەوە نابێت وامان لێبكات چاو لەو تاوانانە بپۆشین، كە توركیا لەشەنگال ئەنجامیان دەدات، بەشێوەیەك پەنابەرە ئێزیدییەكانی ناوچەكە رووبەڕووی بۆردوومانی فرۆكەكانی توركیا دەبنەوە، بۆیە دەبێت ئەمەریكا سزای ئابووری توند بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت تا ئەردۆغان ناچار بكات واز لەو رەفتارانەی بێنێت.

لەزینجیرەی سەركۆنەكردنەكانی توركیا، سیاسی ئەمەریكی جیم كوپەر نووسیویەتی: هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەم لەو راپۆرتانەی باس لەوە دەكەن، كە توركیا هێرشی سەربازیی دەكاتە سەر كوردەكانی عێراق، كوردەكان هاوبەشی جێی متمانەی ئەمەریكا بوون لە جەنگی دژ بە داعش، بۆیە دەبێت سەركۆنەی هەر توندوتویژییەك بكەین، كە ئەردۆغان دژ بە خەڵكی مەدەنی دەیكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی