موراد قەرەیلان: توركیا لەچوارچێوەی پلانێكدا هێرش بۆ سەر خاكی هەرێم دەكات

کوردستان

01/07/2020‌ 704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
موراد قەرەیلان فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل سەر بەپەكەكە رایگەیاند، توركیا لەچوارچێوەی پلانێكدا هێرش بۆ سەر خاكی هەرێم دەكات‌و لەئێستاشدا لەقۆناغی یەكەمی پلانەكەدایە.

موراد قەرەیلان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ میدیای پەكەكە دەربارەی هێرش و بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، توركیا لەئێستادا لەقۆناغی یەكەمی پلانەكەدایە، دەیەوێت ناوچەیەكی كۆنتڕۆڵكراو لەسەر سنوری توركیا و هەرێم، توركیا و رۆژئاوای كوردستان دروستبكات، لەخواكورك هەتا عفرین.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر توركیا ئەم پلانەی خۆی جێبەجێبكات و كەس رێگری لێنەكات، هەموو ناوچە ستراتیژییەكان لەهەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كۆنترۆڵ دەكات و پاشان دەست بە قۆناغی دووەمی پلانەكەی دەكات، ئەویش داگیركردنی سەرانسەری هەرێمی كوردستانە.

قەرەیلان لەبەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوەكردووە، هێرشەكانی توركیا لە شنگال، شیلادزێ و سلێمانی هەر لە چوارچێوەی پلانێكدایە، دەیەوێت ترس لەلاەی خەڵك دروست بكات بەتایبەت ناوچە سنوورییەكان بە هاووڵاتیان چۆڵ بكات، بۆ ئەوەی بە شێوازێكی ئاسانتر ئەو ناوچانە كۆنترۆڵبكات.

هـ ـ ح