25 ساڵ تەنیا كورسی پایسكیلی دزیوە

لە میدیاکانەوە

04/07/2020‌ 730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور 
رۆژی 2ی تەمموز كەسێك ژاپۆنی بە 5 ساڵ زیندانی سزا درا، كە لەمانگی شوباتدا لەلایەن پۆلیسی پارێزگای ئۆساكاوە دەستگیركرا بەتۆمەتی دزینی نزیكەی 600 كورسی پایسكیل.

بەپێی رۆژنامەی تۆكیۆ ریپۆرتەر، مانگی شوبات پۆلیسی ئۆساكا شۆفێرێكی بارهەڵگری دەستگیركرد بەتۆمەتی دزینی 600 كورسی پایسكیل لە ماوەی 25 ساڵدا.

ئەویش دوای ئەوەی رۆژانی 29 و 30 ئەیلولی 2019 هێرۆكا سودا-ی تەمەن 57 ساڵ، دانی بەوەدانا، كە كورسی دوو پایسكیل-ی دزیوە لەنزیك وێستگەی یۆشیتا و بینایەكی نیشتەجێبوون لەناو شاری هیگاشیوساكا-ی ویلایەتی ئۆساكا.

دوای ئەوەی سودا دانی بەو دزییەدا ناوە، دانی بەوەشدا ناوە، كە لەماوەی 25 ساڵدا زیاتر لە 600 كورسی پاسكیل-ی دزیوە. 

هەروەها لەبەردەم دادوەردا، باسی لەوەشكردووە، كە یەكەمجار لە تۆكیۆ و ئۆساكا ئەم كارەی كردووە، وەك كەمكردنەوەی فشار لەسەر دەروونی. دەشڵێت: دواتر وەك ئارەزووی لێهاتووە و چێژی لێوەرگرتووە.

سودا لە شاری ئاوكا لەشاری نۆمازۆ-ی پارێزگای شیزوكا نیشتەجێبووە، بەڵام بەهۆی كارەكەیەوە زۆر شار و شوێن گەڕاوە و ئەم كارەی كردووە.

ئاشكرابوونی سودا دوای ئەوە دێت كەسێك تاوانبار بووە بەتاوانێك لە هیكاشیوساكا، دوای ئەوەی پۆلیس چاوی خشاندووەتەوە بە كامیرای چاودێری نزیك رووداوەكە بۆیان دەركەوتووە، كە كەسێكی دیكە سەرقاڵی دزینی كورسی پایسكیلە.

بەپێی قسەی پۆلیس، ئەو تاوانبارە شەش ژووری بەكرێ گرتووە نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بۆ كۆكردنەوەی نزیكەی 5 هەزار و 800 كورسی پایسكیل.