حکومەتى عێراق دەیەوێت کێشەکان لەگەڵ هەرێم لەبنچینەوە چارەسەر بکرێت

عیراق

07/07/2020‌ 681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژى حکومەتى عێراق جەختیکردەوە، وەک حکومەتى عێراق دەیانەوێت لەگەڵ هەرێم کێشەیەکان لەبنچینەوە چارەسەر بکەن.

ئەحمەد تەلال وتەبێژى حکومەتى عێراق لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئێمە لە بەغداو برایانمان لە هەولێر سورین لەسەر ئەوەى هەموو کێشەکانمان بەشێوەی گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن، پێکهێنانى لیژنەو شاندەکانیش هەر بۆ ئەو ئامانجەیە.

ئاماژەى بەوەشکرد، گفتوگۆکان لەنێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامەو نزیکبوونەوەى باش هەیە، بەڵام نییەتەکە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ئەوەیە کە بەشێوەیەکى بنەڕەتى ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، جەختیشیکردەوە، هەموو کێشەکانى عێراق دەبێت لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە دەبێت چارەسەر بکرێت.

لەبارەى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکانیش وتەبێژى حکومەتى عێراق ئەوەى خستەڕوو، دەبێت سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە هەماهەنگیان هەبێت بەتایبەت لە هەندێ ناوچە پێویستە بەیەکەوە بن تا داعش لە چالاکى بخەن.

وتەبێژى حکومەتى عێراق جارێکى تر ئیدانەى کوشتنى هیشام هاشمى کردو جەختیکردەوە حکومەت هەموو هەوڵەکانى خستووەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەى تاوانباران و گەیاندنیان بە سزاى خۆیان.

ئەو وتانەى وتەبێژى حکومەتى عێراق لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەی چوار شەممە شاندى هەرێم بگەڕێتەوە بۆ بەغدا بەمەبەستى گەیشتن بەرێککەوتنى کۆتایی.

هەروەها بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆدەبێتەوە و بڕیار لە وردەكاری تەواو دەدرێت، كە شاندی هەرێم ئەمجارە لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە ناوەند، دوای كۆبوونەوەكەش شاندەكە دەگەڕێنەوە بەغدا و دەست بە كۆبوونەوەكانیان دەكەنەوە.

س.هـ