كازمی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هێزی تایبەت رەوانەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات

کوردستان

08/07/2020‌ 1054 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی عێراقیی جەختی كردۆتەوە كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عێراق بەپێی دەستوور دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هێزی تایبەت رەوانەی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان بكات لەناویاندا دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان  .

تەمیمی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: ماددەی ١١٠ ی دەستوور دیاریكردووە، نەخشەكێشانی سیاسەتی ئابووری و دارایی و گومرگی و ڕێكخستنی بازرگانی لەڕێگای هەرێم و پارێزگاكان تەنیا لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندە، هەروەك ماددەی ١١٤ ی دەستوری عێراقیش دەڵێت: لە تایبەتمەندییە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێم و پارێزگاكان ئەوەیە، كە ئیدارەی گومرگ بە هەماهەنگی و هاوبەشی بێت.

ئەو پسپۆڕە یاساییە ڕوونیكردووەتەوە، كە بە وردبوونەوە لەو دوو دەقەی دەستوور دەردەكەوێت بەڕێوەبردنی سیاسەت شتێكە و ئیدارە شتێكی ترە، لەبەر ئەوە دەبینین، كە ئیدارەكردن بە هەماهەنگی و هاوبەشی دەبێت لەنێوان حكومەتی ناوەند و هەرێم و پارێزگاكان.

تەمیمی ئاماژەی بە یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەكان ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠١٦ كردووە، كە بەپێی ئەوە دەستەی دەروازە سنوورییەكان و ئەنجوومەنی ئەو دەروازانە لە نوێنەری وەزارەتە جیاوازەكان سەرپەرشتی دەروازەكە و ئیدارەكردنی دەكەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بەپێی ماددەی ٧٨ی دەستوور سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هێزی تایبەت رەوانەی ئەو دەروازانە بكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی