عەبیر موسا بازنەی گەمارۆكە لەسەر ڕاشد غەنوشی توندتر دەكات

ڕاپۆرت

08/07/2020‌ 1160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبیر موسا-ی سەرۆكی پارتی دەستووریی ئازاد، پارتی نەهزەی تونسی خستووەتە ژێر فشارێكی زۆرەوە بەوەی گومانی خستووەتەسەر یاسایی بوونی دامەزراندنی پارتەكەیان، بەو پێیەی نەهزە پارتێكی ئاینییە و ئەمەش ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ یاسای پارتە سیاسییەكاندا.

سێشەممەی ڕابردوو عەبیر موسا چووە قرۆناغێكی تازەی ململانێ لەگەڵ پارتی نەهزەوە، كاتێك ڕایگەیاند كە پەنا بۆ دادگا دەبات و تانە لە یاساییبوونی دامەزراندنی پارتی نەهزە دەدات، ئەمە جگە لەوە سەركردەكانی ئەو پارتەی بە ساختەكردنی بەڵگەنامەكان تۆمەتبار كردووە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی كاركردنی یاسایی لە ساڵی 2011 دا.

ئەمەش‌ لە كاتێكدایە، كە عەبیر موسا سەركەوتوو بوو لە بەرتەسككردنەوەی بازنەی سیاسی گەمارۆكانی بۆ سەر پارتی نەهزەی تونس و دروستكردنی ناكۆكی لە نێوان هاوپەیمانی فەرمانڕەوادا، بە تایبەتیش كە ڕەووتی دیموكراسی و پارتی "بژی تونس" دەنگیان بەو داواكارییەدا كە پێشكەشی ‌ پەرلەمان كراوە بەوەی‌ ئیخوان موسلمین وەك گروپێكی تیرۆرستی پۆلێن بكەن، ئەم هەنگاوەش پارتی نەهزەی كەنارگیرتر كردووە و متمانەی هاوپەیمانەكانی ناو پەرلەمانی تونسی لەدەستداوە.

موسا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەشی وت: ڕێوشوێنەكانی دامەزراندنی پارتی نەهزە لە دوای خۆپێشاندانە جەماوەرییەكانی ساڵی 2011 نایاسایی بوون و پێچەوانەی یاسای پارتە سیاسییەكانی تونسی ساڵی 1988.

موسا ڕوونكردووەتەوە، ئەو دۆسییەی پارتی نەهزە پێشكەشی كردووە و وەزارەتی مافەكانی مرۆڤیش ئەو كات ڕەتیان كردۆتە‌وە، ئەو نیشان دەدات كە چەند بەڵگەنامەیەكی كەمە و چەند كەموكوڕییەكی هەیە، پارتی نەهزەشی بەوە تۆمەتبار كردووە كە فێڵی لە حكومەتی تونس كردووە.

بە گوێرەی قسەكانی موسا، یەكێك لە سەرپێچییەكانی ئەو پارتە بەڵگەنامەیەكە كە ڕاشد غەنوشی لە 28 ی یەنایەری 2011 دا واژۆی كردووە، لە كاتێكدا غەنوشی لە هەمان مانگ و لە 30 یەنابەری ئەو ساڵەدا‌ لە تاراوگەكەیەوە لە لەندەنەوە گەڕاوەتەوە تونس.

موسا وتیشی: دۆسییەی پارتی نەهزە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی حزبی چەند بەڵگەنامەیەكی فەرمی تێدا نییه كە دەیسەلمێنێت دامەزرێنەرانی بزووتنەوەكە هەڵگری ڕەگەزنامەی دووەمن ، ئەو بەڵگەنامانەشی تێدانین كە تایبەتن بە لێبووردنی پەرلەمانی و بەدەستهێنانی مافە مەدەنییەكان، چونكە لە سەردەمی حەبیب بورقێبەی سەرۆكی پیشووتری تونس، چەند بڕیارێكی دادگایی توند دژ بە چەند سەركردەیەكی ئەو حزبە دەرچوون و غەنوشی- یش یەكێك لەو سەركردانە.
 
هەروەها موسا وتی: دامەزراندنی ئەو حزبە بە بۆگەڕاوەیەكی (مەرجەعیەت) ی ئیسلامی و ئایدیۆلۆجی پێچەوانەی یاسای حزبەكانی ساڵی 1988، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كۆششی بەدەستهێنانی پشتیوانی فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانی تونس دەكات بۆ گرێدانی دانیشتنێكی گشتی پەرلەمانی بۆ تاوتوێكردنی ئەو كەموكوڕیانەی لە دامەزراندنی پارتی نەهزەدا هەن.

موسا بەڵێنی ئەوەشیدا لەسەر ئەم پرسە وەزیری ناوخۆی پێشووتر بداتە دادگا، بەوەی سەرپێچی یاسای كردووە و مۆڵەتی حزبی بوونی لە ساڵی 2011 دا بە‌ پارتی نەهزە بەخشیووە، سەرباری ئەوەی ئەو مۆلەتە پێچەوانەی مەرجە یاساییەكانە.

چاودێران دەڵێن عەبیر موسا بزووتنەوەی نەهزەی خستۆتە ژێر فشارێكی توندی گەورەوە، بە تایبەتیش سەبارەت بە نایاسایی بوونی پارتەكە بەو پێیەی پارتێكی ئاینییە، ئەمەش بە ڕاشكاوی ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ یاسای دامەزراندنی پارتە سیاسییەكانی تونس، چاودێران وای دەبینن كە ئەگەر پرسی یاساییبوونی دامەزراندنی پارتی نەهزیە ئیسلامی‌ بخرێتە بەرباس و لێكۆڵینەوە، ئەوا عەبیر موسا لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمانیش پشتیوانییەكی فراوان بۆ خۆی كۆدەكاتەوە. 

سەرباری ئەوەی هەندێك لە سەركردەكانی پارتی نەهزەی ئیسلامی تونس لێدوانی نەرمونیان دەدەن، بەڵام گوتاری فەرمی بزووتنەوەكە بە ڕوونی دەریدەخات كە ئەوان پارتێكی خاوەن باكگراوندی ئیسلامین، ئەمەش بە ڕوونی لە لێدوان و قسەی سەركردە و لایەنگرانیان لە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕەنگدەداتەوە كە توندڕەووی و كافركردنی نەیارەكانیانی پێوە دیارە.

چاودێران ئاماژەیان بەوەش كردووە، كە جوڵە جۆراوجۆرەكانی موسا، بە خەستی تیشكی خستۆتەسەر بزووتنەوەی نەهزە، بە تایبەتیش لە پەیوەندی ئەو پارتەوە بە دەرەوە، چ بەوەی غەنوشی بە لای هاوپەیمانی (توركی - قەتەر – ئیخوانی) دا دەشكێتەوە، چ بەوەی كورسی پەرلەمانی قۆزتۆتەوە و ئەجێندای دەرەكی لە وڵاتی تونسدا جێبەجێ دەكات، یاخود بەوەی موسا كۆششی بۆ دەكات لە سەلماندن ئەوەی كە بزووتنەوەكە تیرۆرستە، ئەمەش پارتی نەهزی گۆشەگیرتر كردووە لە پەرلەمانی تونس.

 موسا لە چەند بۆنەیەكی پێشوودا داوای لێسەندنەوەی متمانەی لە غەنوشی سەرۆك پەرلەمانی تونس كردووە، بە تایبەتیش لە دوای پەیوەندی و چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، موسا وتی كە غەنوشی هەڕەشەیە‌ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تونس، بەو پێیەی چۆتە نێو تەوەربەندی (توركیا- ئیخوان) ەكانەوه، بە تایبەتیش كە ئەو بەشداری لە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تونس دەكات، بەمەش ئاگای لە چەند زانیاری و داتایەكی هەستیارە.

لە ئێستادا پارتی دەستوری ئازاد بۆتە كێبڕكێكارێكی سەرەكی پارتی نەهزە، ئەمەش لە دەرئەنجامی هەندێك لە هەڵبژاردنە خۆجێییەكاندا بە ڕوونی دەركەوتووە، چونكە لە هەندێك ناوچە لە پێشەوەی نەهزە بووە، ئەمەش‌ پێنوێنێكی بەهێزە كە لە ساڵانی داهاتوودا دەبێتە گەمەكارێكی سەرەكی لە تونسدا، ئەو پارتە توانیویەتی سەركەووتووانە گوزارە لە ترس و دڵەڕاوكێكانی تونسییەكان بكات لەو سامپڵەی پارتی نەهزە دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر تونسدا و لەو مەترسییانەش كە لێی دەكەونەوە بۆ سەر كۆمەڵگا و سەقامگیری لە تونس. 

سەرچاوە: پێگەی‌ ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر