پارتى و یەکێتى لەسەرۆکایەتى هەرێم کۆدەبنەوە

کوردستان

08/07/2020‌ 2231 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بریارە بەم نزیکانە پارتى و یەکێتى لەسەرۆکایەتى هەرێم لەسەر چەند پرسێکى ناوخۆیی و نێوانیان کۆببنەوە.


سەرچاوەیەک لە مەکتەبى سیاسى یەکێتى بە شارپرێسى راگەیاند، بڕیارە بەم نزیکانە شاندێکى پارتى و یەکێتى کۆببنەوەو بریارە کۆبوونەوەکەش لە بارەگاى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بێت.


 ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشکرد، کۆبوونەوەکە پێدەچێت بەسەرۆکایەتى باڤڵ تاڵەبانى لە یەکێتى و نێچیرڤان بارزانى لە پارتى بێت، بەڵام لەم رۆژانەدا پێکهاتەى شاندەکە دیارى دەکرێت.


لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەش سەرچاوەکەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى وتى" زیاتر گفتوگۆ لەسەر دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان و پەیوەندییەکانى هەردوولا دەکرێت، چونکە خۆتان دەزانن جۆرێک لە ساردی و دابڕان لەنێوان ئێمەو برادەرانى پارتى هەبوو، ئیستا کاتى ئەوەیە دانیشین باسى کێشەکانمان بکەین".


سەبارەت پەیوەندى ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەردانەکەى باڤڵ تاڵەبانى بۆلاى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، سەرچاوەکە جەختیکردەوە کە ئەو سەردانە کاریگەرى باشى هەبووە لەسەر رەوینەوەى گرژییەکان و هۆکارێکیش بووە بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەى هەردوولا.


پەیوەست بە دیاریکردنى شوێنى کۆبوونەوەکەش سەرچاوەکەى مەکتەبى سیاسى کە پۆستى باڵاى لەناو یەکێتى هەیە، روونیکردەوە، بەهۆى ئەو گرژیانەوە جۆرێک لە نیگەرانى دروست بووە کە هیچ لایەک ئامادە نین بچنە بارەگای یەکتر، بۆیە لەسەر داواى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم ئەو شوێنە دیارى کراوە.


لەدواى بەستنى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و هەڵبژاردنى هاوسەرۆک و سەرکردایەتیەکى نوێ پارتى ئامادە نەبوو هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ هاوسەرۆکان و ئەو سەرکردایەتیە نوێیە بکات، بۆیە ئەوەش گرژى و ناکۆکى لەنێوان هەردوولا دروست کرد.

لەماوەى رابردووشدا دووجار کات و شوێنى کۆبوونەوەى شاندى پارتى و یەکێتى دیاری کرا، بەڵام بەهۆى لدوانى چەند بەرپرسێکى پارتى ئەو کۆبوونەوانە هەڵوەشایەوە.
س.هـ