نێچیرڤان بارزانى هەموو ئامادەییەکى هەرێمى بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا راگەیاند

کوردستان

08/07/2020‌ 1854 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەموو ئامادەییەکى هەرێمى بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا راگەیاند لەسەر بنەمای دەستور.

 

بەپێی راگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى هەرێم ئەمرۆ چوارشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ جينين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كەدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان تاوتوێ كراوە. پلاسخارت پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى بۆ به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ردوولا دووپات كردووەتەوە و رایگەیاندووە: "هانی هه‌ردوولا ده‌ده‌ين له‌ گفتوگۆ و هه‌وڵدان بۆ گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌ر، به‌رده‌وام بن". 

لە دیدارەکەدا نێچيرڤان بارزانی ئامادەیی‌ هه‌رێمى كوردستانی دەربڕیوە بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێك له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور. 


لەماوەى مانگى رابردوودا شاندى هەرێم  بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى چەند جارێک سەردانى بەغداى کردو لەسەر پرسە داراییەکان و نەوت لەگەڵ بەرپرسانى بەغدا گفتووگۆیان کرد، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووەنەتە رێککەوتن بریاریشە لە چەند رۆژى داهاتوودا جارێکى دیکە شاندى هەرێم سەردانى بەغدا بکاتەوە.

س.هـ