كۆنگرێس دەیەوێت بەیاسا ڕێگە لە ئەمریكا بگرێت پارە لەكێڵگە نەوتییەكانی عێراق و سوریا خەرجنەكات

عیراق

09/07/2020‌ 665 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ئاژانسی "ئینتەرتاس"ی روسی، كۆنگرێسی ئەمەریكا پرۆژە یاسایەكی ئامادە كردووە، كە بەپێی ئەوە رێگە بەوەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن) نادرێت داهاتە فیدراڵییەكان لە پەرەپێدان و كۆنترۆڵكردنی كێڵگە نەوتییەكانی سوریا و عێراق خەرج بكات.

پرۆژەكەش رۆژی سێشەممە لەلایەن لیژنەی تەرخانكردنی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكاوە ئامادە كراوە، ئەویش دوای ئەوەی پرۆژەی بودجەی سەربازی ئەمەریكا بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ پەسەند كرا.

پێش ئەوەی پرۆژە یاساكە بۆ سەرۆكی ئەمەریكا بەرزبكرێتەوە، دەبێت هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی رەزامەندی لەسەر بدەن و پەسەندی بكەن.

ئەو پارە فیدراڵییەی كۆنگرێس دەیەوێت ڕێگری لەخەرجكردنی بكات خۆی لە ٧٠٠ ملیۆن دۆلاردا دەبینێتەوە، كە پێشنیاز كراوە بۆ یارمەتیدان و راهێنانی دەزگا ئەمنییە بیانییەكان و ئەو هێزە چەكدارییە نا دەوڵەتییانە خەرج بكرێت، كە بەرەنگاری تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیی ( داعش)  دەبنەوە.

جگە لەوەی ئامانج لە تەرخانكردنی ئەو برە پارەیە پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی سوریای دیموكراتە.

ئەندامانی كۆنگریس پێشنیازیان كردووە ١،١٤ ملیار دۆلار لە بەرنامەی هەماهەنگی ئەمنی نێودەوڵەتی تەرخان بكرێت، بەشێوەیەك ١٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی بەڵتیك، ١٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەرنامەی ئاسایشی ئەفریقا، ١٣٠ ملیۆن دۆلار بۆ یار،ەتیدانی وڵاتانی ئەمەریكای ناوەراست‌و باشوور ، ١٠٥ ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئوردن.

جگە لەوەی پێشنیازكراوە ٣ ملیار دۆلاری تر بۆ یارمەتیدانی هیزە ئەمنییەكانی ئەڤغانستان خەرج بكرێت، بەمەرجێك لەژێر كۆنترۆڵی حكوومەتێكی مەدەنیدا بێت، كە رێز لە مافەكانی مرۆڤ و ژنان بگرێت و ڕێگە بە تیرۆریستان نەدات خاكی ئەو وڵاتە بۆ هەڕەشەكردن لە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بەكارنەهێنن .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی