سەرۆكی پێشووی مۆساد: ناتوانرێت رێگری لە ئێران بكرێت ببێتە خاوەنی چەكی ناوەكی

جیهان

11/07/2020‌ 663 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاباتای شافیت سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی (مۆساد) لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" پێشبینیكردووە ئێران لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا بۆمبی ناوەكی دروست بكات .

شافیت لەچاوپێكەوتنەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە دوای ئەوەی ئەمەریكا لەساڵی ٢٠١٨ لە رێكەوتننامەی ناوەكی كشایەوە، ئێران ئەوەندە یۆرانیۆمی پیتاندووە، كە بەشی ئەوە بكات بۆمبێكی ناوەكی پێدروست بكات، چاوەڕێش دەكرێت ئەو وڵاتە چەند مانگێكی تر مانگێكی تر  هەواڵەكە رابگەیەنێت .

بەقسەی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ناتوانرێت ڕێگە لە تارا بگیرێت بۆمبی ناوەكی دروست بكات، بەڵام دەتوانرێت بەرپەرچی بدرێتەوە .

ئەو قسەیەی شافیت لەگەڵ راگەیاندن و لێدوانی فەرمی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوایی نایەتەوە، كە بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە هەرگیز ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ناوەكی.

شافیت پێیوایە شەڕی عێراق –ئێران، هۆكاری سەرەكی بووە لەوەی ئێران بریارێكی ستراتیژی بدات بەوەی نەك هەر چەكی ناوەكی، بەڵكو بەرەو بەرهەمهێنانی زنجیرەیەك چەكی ناكلاسیكی هەنگاو بنێن .

پێشتریش سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی رایگەیاندبوو، باشترین رێگا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییەی ناوەكی ئێران بریتییە لە بنیادنانی هێزێكی بەرپەرچدانەوەی راستەقینە، بەجۆرێك ئێرانییەكان باش بزانن ئەگەر رۆژێك لە رۆژان بیر لەوە بكەنەوە ئەو چەكە لەدژمان بەكاربهێنن ئەوە ئێران لەسەر زەوی دەسڕێتەوە .

ئێران بەشێوەیەكی بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە، كە بەهیچ جۆرێك نایەوێت چەكی ناوەكی بەدەستبهێنێت، بەڵكو وزەی ناوەكی بۆ مەرامی مەدەنی بەكاردەهێنێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی