دەستبەرداری سیستەمی موشەكی "S-300"دەبێت.. سوریا بۆ پاراستنی ئاسمانەكەی پشت بەئێران دەبەستێت

جیهان

12/07/2020‌ 1063 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاندووە، لەڕێگای پێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی، كار لەسەر بەهێزكردنی سسیتەمی بەرگری ئاسمانی سوریا دەكەن، كە لەناویاندا سیستەمی بەرگری ئاسمانی كورت مەودا و مەودا مامناوەند و دوور مەودا هەیە، بڕیاریشە سیستەمەكان لەهەموو ناوچە جیاوازەكانی سوریا جێگیربكرێن بەشێوەیەك بتوانن هەموو جۆرە فرۆكەیەكی بێفرۆكەوان و هێلیكۆپتەر و فرۆكەی جەنگی وڵاتە نەیارەكان بدۆزێتەوە و بەئامانجیان بگرێت .

لەگەڵ ئەوەی ئێران لەناو ئەو وڵاتانەدا نییە، كە خاوەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوون، بەڵام ئەو وڵاتە یەك تایبەتمەندی هەیە، كە ئەویش خستەخوارەوەی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی پێشكەوتووی ئەمەریكی بوو لەجۆری " RQ-4 "  ، كە بە رەمزی پیشەسازی سەربازیی ئەمەریكی هەژمار دەكرا، جگە لەوەی لە وڵاتی یەمەنیش سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی جێگیركراوە.

بەگوێرەی دەزگاكانی راگەیاندنی سوریا، پێشووتر بەرگرییە ئاسمانییەكانی سوریا بەشێوەیەكی سەرەكی پشتیان بەسیستەمە روسییەكان دەبەست، بەڵام ئەو رادارانەی روسیا تایبەت بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی "S-300" ناردوویەتی وەك پێویست كاریان نەكردووە و نەیانتوانیوە لە دۆزینەوەی فرۆكە هێرشبەرەكاندا كارا بن، بەڵام بەجێگیركردنی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی ئێران ئیتر هێرشە ئاسمانییەكانی بۆسەر خاكی سوریا زۆر كەمتر دەبێتەوەو ئەو وڵاتە لە قوربانییەوە دەبێت بە راوچی فرۆكەكان، بەتایبەتی فرۆكەی "F-35" ، كە ماوەیەكە بەشێوەیەكی روو لەزیاد لەئاسمانی سوریا دەبینرێت.

هەرچی لایەنی روسییە هێشتا بەشێوەیەكی فەرمی هیچ لێدوانێكیان لەبارەی هێنان‌و جێگیركردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی لە سوریا لە جیاتی سیستەمە روسییەكان نەداوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی