نزیکەی 10 هەزار واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا له‌ هه‌رێم کۆکراوەتەوە

کوردستان

13/07/2020‌ 534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێکخراوی ژیانەوەی گەنجان رایگه‌یاند بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق و هەرێم و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشدارییان لە کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوەدا کردووە بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا و تا دێت فراوانتر دەبێت، تا ئێستاش نزیکەی 10 هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارکی نالی لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی ژیانەوەی گەنجان، سەبارەت بە کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەری تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییان ئەنجامدا و بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

هاوڕێ مەلیک، بەیاننامەکەی خوێندەوە و رایگه‌یاند: ئامانج لەکۆکردنەوەی ئەم واژۆیانە بۆ ئەوەیە کە پەیامی گەلی خۆمان بگەیەنینە (پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان )و ئاگاداریان بکەینەوە لەوەی کە گەلی ئێمە گەلێکی ھۆشیارە و بە ھیچ شێوەیەک قبوڵی ئەو داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورک ناکا، پێویستە بە زوترین کاتیش بە دەنگ داوای گەلەوە بێن ،و بڕیاری دەرکردنی سوپای تورکیا بدەن و سەروەری خاکمان بپارێزن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "لەو چوارچێوەیەشدا داواکاریمان لە ھەر کەس و لایەنێکی وڵاتپارێز ئەوەیە کە پێشوازی لەم ھەڵمەتە بکەن و پشتگیری تەواوی خۆیانی بۆ دەرببڕن، تا بتوانین بەیەکەوە فشارێکی بە کۆمەڵ بکەین بۆ وە دەرنانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و زامنکردنی ژیانێکی دوور لە دڵە ڕاوکێ بۆ گەلی خۆمان لە باشور".

ڕێکخراوی ژیانەوەی گەنجان ده‌شڵێت: بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشدارییان لە کەمپەینەکەدا کردووە و پشتیوانی خۆیان ڕاگەیاندووە و تا ئێستاش نزیکەی دە هەزار واژۆ کۆکراونەتەوە.

له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی رابردووه‌وه‌ سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێم بۆ سه‌ر باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌، تا ئێستا ده‌یان سه‌ربازی توركیا كوژراون و ژماره‌یه‌ك گه‌ریلاش شه‌هیدو برینداربوون.