شارپرێس:
بەگوێرەی رۆژنامەی "زەمان"ی توركی، عەلی باباجان سەرۆكی پارتی دیموكراتی و پێشكەوتنی بەرهەڵستكاری توركیا، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان رایگەیاندووە، بەهۆی سووربوونی سەرۆكی توركیا لەسەر دنەدانی بابەتە ئاینی و نەتەوەییەكان، توركیا كەوتووەتە ناو تونێلێكی تاریكەوە، دیاریش نییە ئاخۆ دەتوانرێت ئەو دۆخە تێپەڕێنرێت یاخود نا.
باباجان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، حكومەتی توركیا لەجیاتی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكان، كار لەسەر دنەدانی بابەتە نائابوورییەكانی وەك پرسە هەستیارە ئاینی و نەتەوەییەكان دەكات، هەروەها راشیگەیاندووە، نەبوونی متمانە بە دادگا و نەبوونی دیموكراتییەت و جێبەجێنەكردنی پێوەرەكانی مافەكانی مرۆڤ وایان كردووە سەرمایەداران وەبەرهێنان لە توركیادا نەكەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، بەو دۆخەی ئێستاوە ناتوانرێت هیچ ئەنجامێكی بەرجەستە بەدەست بهێنرێت.
سەرۆكی پارتی دیموكراتی و پێشكەوتنی توركیا جەختیكردووەتەوە، كە بۆ ئەوەی خەڵك وەبەرهێنان لە توركیادا بكەن ئەوە متمانە و سەقامگیری پێویستن، ناشكرێت بێبوونی متمانە و سەقامگیری كێشەی بێكاریی چارەسەر بكرێت، كە بەڕای ئەو لەئێستادا هیچ ئومێدێك نییە و روونیش نییە ئاخۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای توركیا هیچ جۆرە چارەسەرێكیان پێیە یان نا.
سەبارەت بە پێشنیازەكانی ئەو بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئابووری لە توركیا، باباجان ئاماژەی بە پرسی ئازادییەكان كردووە و جەختیكردووەتەوە، بۆ ئەوەی داهێنان و بەرهەمی تەكنەلۆژی هەبێت دەبێت خەڵكی هەست بە ئازادی بكات، بۆیە لەژێر سایەی نەبوونی دەوڵەتێكی یاساپارێزدا وەبەرهێنان نابێتو كێشەی دارایی و ئابووریی وڵات چارەسەر نابێت.
وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی