توانا سەربازییەكانی سوپای میسر لەچی ئاستێكدایە؟

لە میدیاکانەوە

16/07/2020‌ 2625 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا داوای لە هێزە چەكدارەكانی میسر كرد بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو وڵات دەستتێوەردانی سەربازیی لەخاكی لیبیدا بكات، پرسیاری ئەوە دێتە پێش، كە توانا سەربازییەكانی سوپای میسر چەندە و لەسەر ئاستی جیهانی لەچی پلەیەكدایە و دیارترین خاڵەكانی هێزی ئەو سوپایە لەكوێدایە؟

بەگوێرەی پۆڵێنی ئەمساڵی پێگەی "گڵۆبال فایەر پاوەر"، كە تایبەتە بە پۆلێنكردنی سوپاكانی جیهان بەپێی بەهێزییان، سوپای میسر لەسەر ئاستی ١٣٨ سوپای جیهان لە پلەی نۆیەمدایە .

سەبارەت بە توانا سەربازییەكانی سوپای میسر، ئەوە بەپێی پێگەی گڵۆبال فایەر پاوەر، ئەو وڵاتە خاوەنی ١٠٥٤ فرۆكەی جەنگی هەمەجۆرە، كە ٢١٤ یان شەڕكەر، ٨٨ هێرشبەر، ٥٩ فڕۆكەی گواستنەوەی سەربازی، ئەوە سەرباری فرۆكەی راهێنانی جەنگی و ئەركە تایبەتەكان و هێلیكۆپتەری جەنگی، كە ژمارەیان ٢٩٤ هیلیكۆپتەرە، كە ٨١ یان هێلیكۆپتەری ‌هێرشبەرن.

هەروەك میسر خاوەنی ٤،٢ هەزار تانك‌و ١١٧٠٠ زریپۆشە، ئەوە سەرباری ٢١٠٠ تۆپی مەیدانی و ١١٠٠ تۆپی ئۆتۆماتیكی و ١١٠٠ مووشەكهاوێژ.

هەرچی هێزی دەریایی میسرە، ئەوە پێكدێت لە  ٧ كەشتی فرقاتە و ٧ كۆرڤێت و ٤٥ بەكەمی چاودێری و ٣١ مین ماڵی دەریایی‌و ٨ ژێردەریایی، كە ٣ یان ژێردەریایی هێرشبەرن.

لەڕووی هێزی تانكەوە لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی چوارەم و لەرووی زرێپۆشەوە لە پلەی شەشەم و لەڕووی هێزی تۆپخانەوە لە پلەی شەشەمی جیهاندایە.

پەیوەست بە هێزی دەریاییەوە میسر پلەیەكی بەرزی هەیە، بەجۆرێك لە هێزی مین و دانانی مینی دەریایدا لەپلەی دووەم و لەرووی بوونی كەشتی هەڵگری هێلیكۆپتەر لە پلەی سێیەمی جیهاندایە.

سەربارەت بە هێزی ئاسمانی، سوپای میسر بۆ بوونی فڕۆكەی راهێنانی جەنگی لە پلەی پێنجەم و بۆ بوونی هێلیكۆپتەری جەنگی لە پلەی هەشتەمی بەهیزترین سوپاكانی جیهاندایە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی