حكومەتی ھەرێم لەڕێگای مورتەزا لاخانی نەوتی ساڵانی ئایندەی بەپێشەكی‌و بە نرخێكی ھەرزان دەفرۆشێت

کوردستان

18/07/2020‌ 1490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت: حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ڕێگای مورتەزا لاخانی بەڕەگەز پاكستانی نەوتی ساڵانی ئایندەی بەپێشەكی‌و بەنرخێكی ھەرزان دەفرۆشێت، لەوەش سودمەندی یەكەم مورتەزاو كۆمپانیاكانیەتی و نەھامەتی گەورەش بۆ خەڵكی كوردستان بەجیدێڵێت.

قسەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەمیانی نووسیتێك بووە، كە بەناوی "ئەو نەھامەتیەی پیش پێنج ساڵ پێمانووتن " بڵاویكردووەتەوەو دەشڵێت: نامەكەم بۆ سەرۆكی حكومەت، بلومبێرگ پشتڕاستی كردەوە.

هەروەها دەڵێت: مانگی ٩ ی ٢٠١٥ ھێشتا گۆڕان لە حكومەتدا بوو، یاداشتێكم بۆ سەرۆكی حكومەت نووسی، مەترسیەكی گەورەم تێدا باسكرد، ئەو كات گوێیان نەگرت، ئێستاش ھەرێمی كوردستانیان خستووەتە دۆخێك، كە دەرچوون لێی ئەستەمە، نە نەوتیان ھەیە بیدەن بەعێراق لەبەرانبەر موچە (دەڵێن: پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل دەدەین) نە دەتوانن بە نرخێكی باشتر نەوت بفرۆشن.

باسی لەوەش كردووە، كە پاش پێنج ساڵ ئەمڕۆ بلومبێرگ باسی ئەو مورتەزا لاخانیە دەكات، كە پێنج ساڵ پێش ئێستا ھاوارمان كرد.

بەپێی راپۆرتەكان، مورتەزا لاخانی بە یەكجار (٨٠٠ ملیۆن) دۆلاری لەڕیگەی لقی بانكێكی روسی لە زیوریخ-ی سویسراوە بەڕێگەی ئەلكترۆنی حەواڵە كردووە بۆ بانكی Citigroup Incی نیورۆك، پێش گەیشتنی بە نیویۆرك، پارەكە یەكسەر حەواڵە كراوە بۆ بەیروت‌و چوتە سەر حسابی كۆمپانیای  IMMSی مورتەزا لاخاكانی لە بانكی BankMedی لوبنانی.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەم (٨٠٠ ملیۆن) دۆلارە، لەلایەن كۆمپانیا (رۆزنەفت)ی روسییەوە وەك قەرز لەبەرامبەر نەوتی خاودا دراوە بە حكومەتی هەرێم.

بلۆمبێرگ ئاماژە بەوەدەكات، (رۆز نەفت) لەماوی دوو ساڵی داهاتوودا (6 ملیار) دۆلاری تر وەك قەرز لەبەرامبەر نەوتدا بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام پارەكە ناچێتە سەر هیچ ژمارە بانكییەكی حكومەتی هەرێم، بەڵكو ئەچێتە سەر حسابی كۆمپانیاكەی مورتەزا لاخانی (IMMS) كە لە وڵاتی (بەلیز) تۆمار كراوەو ئەدرێسەكەی لە قوبرسە !

بەلیز وڵاتیكی بچووك‌و دوورەپەرێزی ناوەڕاستی ئەمریكای لاتینە، مەڵبەندی پارە سپیكردنەوەو خۆ دزینەوەیە لە باج.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، ساڵی رابردوو لەماوەی سێ مانگدا كۆمپانیاكانی (Vital، Trafigura، Petraco Oil Group) لەبەرامبەر نەوتی هەرێمدا، زیاتر (یەك ملیار) دۆلاریان خستوەتە سەر حسابی كۆمپانیا IMMS.

بەمدواییە پرسی دیارنەمانی بڕی (ملیارێك) دۆلاری داهاتی هەرێم لە بانكێكی لوبنانی مشتومڕی دروستكرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لەو كەیسە پێكهێنا، چەند پەرلەمانتارێكیش هەندێك بەڵگەنامەیان لەبارەی ئەو پارەیەوە خستەڕوو، بەڵام تائێستا كەیسەكە قوڕوقەپی لێكراوە‌و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان نادیارە

هــ ـ ح