لەڕووداوێكی دەگمەندا هاندەرانی یانەیەك دژ بە بردنەوەی یانەكەیان دەوەستنەوە

وەرزش

30/07/2020‌ 554 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
كۆمەڵێك لەهاندەرانی یەكێك لە یانە هەرە گەورەكانی بەرازیل هەڕەشەیان لە یاریزانانی یانەكەیان كردووە و بەترسنۆك وەسفیان كردوون، ئەویش دوای ئەوەی بردنەوەی یارییەكی رۆژی ٢٦ ی تەمموزیان بووەتە هۆی سەركەوتنی یەكێك لە یانە ركابەرە سەرسەختەكەیان بۆ یارییەكانی خولە كۆتاییەكانی پاڵەوانێتی ویلایەتەكەیان.

دوای ئەوەی یانەی ساوپاولۆ بە ٣ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە یانەی جوارانی بردەوە و ئەو بردنەوەیەش سەریخست بۆ خولی هەشتی پاڵەوانێتی ویكایەتی ساوپاولۆ، بەڵام ئەم بردنەوەیە بووە هۆی ئەوەی یانەی كۆرنسیانزی ركابەری لەسەر حسابی یانەی جوارانی بۆ هەمان خول سەربكەوێت.

ئەو ئەنجامە بووەتە هۆی تووڕەبوونی بەشێك لە هاندەرانی یانەكەیان، كە دەیانەویست یانەكەیان بدۆرێت تا یانەی كۆرنسیانزی ركابەریان سەرنەكەوێت، بۆ ئەوەش كۆمەڵێك هاندەری سەرسەختی یانەكە، كە ناویان لەخۆیان ناوە "ئیندپیندێنتی"، لە هەژماری خۆیان لە تویتەر نووسیویانە "گرنگترین شت بردنەوە نییە، بەڵكو زەردەخەنەیە".

گرووپەكە هۆشداریان داوەتە فرنادنۆ دینیزی راهێنەر ئەگەر بێت و پالەوانیتییەكە نەبەنەوە ئەوە دەبێت دەست لەكاربكێشێتەوە، كە لەساڵی ٢٠٠٩ وە ئەو پاڵەوانێتییەیان بەدەست نەهێناوە .

لە وڵاتی بەڕازیل ئەو گرووپانەی هاندەران هەژموونێكی زۆرین بەسەر یانەكاندا هەیە و دەتوانن كاریگەریی لەسەر بڕیارەكانی ئیدارەی یانەكان‌و هەڵبژاردنی رایزان و راهێنەر دابنێن.

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی