نزیكەكانی ئەردۆغان داوای گەڕانەوە بۆ خەلافەتی ئیسلامی دەكەن

لە میدیاکانەوە

30/07/2020‌ 1088 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
هێشتا بڕیاری گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت لەناوخۆی توركیا و لەنێوان توركیا و وڵاتانی تردا جێگای مشتومرە، بەشێوەیەك بەشێكیان بە بابەتێكی ناوخۆیی و سیادیی توركیای دەزانن، بەشێكیشیان پێیان وایە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژیی لەنێوان مسوڵمان و كریستیانەكاندا.

لەم نێوەندەدا گۆڤاری "ژیانی راستی" توركی لە ژمارەی رۆژی ٢٧ ی تەممموزدا، لەژێر ناوی "لەپێناو خەلافەتدا كۆببنەوە" بابەتێكی بڵاوكردووەتەوەو لەبەرگەكەشی بەگوزارشتی "توركیا و ئایا سۆفیا ئێستا ئازادن" پڕكردووەتەوە، هەروەك بەهەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی پرسیاری كردووە "ئەگەر ئێستا نا ئەدی كەی؟، ئەگەر تۆنا،  ئەدی كێ؟".

خەلافەتی ئیسلامی لە توركیا لەساڵی ١٩٢٤ ، لەسەردەستی مستەفا كەماڵ ئەتاتورك هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام ئەندام‌و لایەنگرانی پارتی دادوگەشەپێدان بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێوەیەكی بەردەوام رەخنە لەو بڕیارەی ئەتاتورك دەگرن.

هەروەك بەشێكی زۆر لە لایەنگرانی عەلمانییەتەكەی ئەتاتورك، گۆڕینی ئایا سۆفیا بە هێرشێكی راستەوخۆ بۆ سەر میراتی ئەتاتورك دەزانن، كە لەساڵی ١٩٣٤ ، ئایا سۆفیای لە مزگەوتەوە كرد بە مۆزەخانە و پێشكەشی مرۆڤایەتی كردو لەوكاتەدا هیچ توركێك لەسەر ئەو بریارە رەخنەی لێنەگرت.

بۆ بەرپەرچدانەوەی نیگەرانی بەشێك لە شەقامی توركی لەسیاسەتەكانی حكومەت، وتەبێژی فەرمی پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو ناكۆكییە نەزۆك و جەمسەریگیرییانەی لەبارەی سروشتی سیستەمی سیاسی لە توركیا دەوروژێنرێن، وەك گەرانەوە بۆ سیستەمی خەلافەت، لە ئەجیندا و بەرنامەی ئێستای توركیادا نییە .

لای خۆیشییەوە، خاوەنی نووسینی گۆڤاری "ژیانی راستی" نزیك لە ئەردۆغان و پشتیوانی هێڵە ئیسلامییە رادیكاڵەكەی توركیا دەكات، رەتیكردووەتەوە لە بابەتەكە مەبەستی هێرش و دەمارگرتنی خەڵكانی تر بێت، لەو بارەیەوە وتی: چۆن دەبێت بەرگریكردن و داواكردنی یەكێتیی موسڵمانان بۆ دەمارگرتنی خەڵكی تر بێت؟ هەروەك چۆن یەكێتیی ئەوروپا هەیە و لەجیهاندا جۆری تری لەو جۆرە یەكێتیانە هەن، ئێمەش مافی خۆمانە وەك مسوڵمان داوای ئەو جۆرە یەكێتیانە بكەین.

هەفتەنامەی "ژیانی راستی" بەشێكە لە گرووپی "ئەلبەیرەق"، كە رۆژنامەی "یەنی شەفەق"ی هەیە و خاوەنەكەی نزیكە لە رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی