ئەستێرە هەرزەكارەكەی لالیگا بەراوردكردنی بەمێسی بێزار دەبێت؟

وەرزش

31/07/2020‌ 474 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لۆكا ڕۆمیرۆی ئەرجەنتینی بچووكترین یاریزانە، كە لە تەمەنی شازدە ساڵیدا بەشداری لە خولی ئیسپانی ناسراو بە لالیگا كردبێت، بەراوردكردنی بە لیۆنێل میسی ھاونیشتیمانی بە بێزاركەر دەزانێت.

ڕۆمیرۆ بۆ فۆكس سپۆرتس دەڵێت: بەراوردكردنم بە میسی بێزارمدەكات، چونكە تەنیا یەك میسی ھەیە، منیش دەمەوێت لە مێژووی تۆپی پێدا ناوێك بۆخۆم دروستبكەم كە لۆكا ڕۆمیرۆیە.

لۆكا ڕۆمیرۆ لە وەرزی ئەمساڵدا ناوبانگێكی گەورەی بەدەستھێنا ، كاتێك لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مایۆركا بەشداری لە خولی ئیسپانی كرد، ھەر بەزووی دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەمیسییان بەراوردكرد، ئەویش بەھۆی كارامەییە بەرزەكەی و ڕەچەڵەكە ئەرجەنتینییەكەی .
 
لۆكا ڕۆمیرۆ دەربارەی ڕەچەڵەك و ڕەگەزنامەكانی دەڵێت: لە مەكسیك لە دایك بووم، بەڵام خێزانەكەم ئەرجەنتینییە، سێ ڕەگەزنامە مەكسیكی و ئەرجەنتینی و ئیسپانیم ھەیە، بەڵام دەمەوێت نوێنەرایەتی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین بكەم ئەگەر ئەوە گونجا بێت.

لۆكا ڕۆمیرۆ بەشداری تەنیا یەك یاری كردووە لەم وەرزەی خولی ئیسپانی، كە بەھۆیەوە ژمارەی پێوانەیی بچووكترین یاریزانی خولی ئیسپانی تێكشكاند و بەناوی خۆیەوە نوسیەوە، ھەرەوەھا چاوەڕوانی لێدەكرێت ئەستێرەی ئەم یاریزانە ھەرزەكارە لە ساڵانی داھاتوودا گەشاوەتر ببێت.

وەرگێڕان: شەماڵ سۆفیانی