روسیا دروستكردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای راگەیاند

تەندروستی

01/08/2020‌ 1528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەسەڵاتی تەندروستی روسیا دروستكردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای "سریریە"ی راگەیاندو ئاشكراشیكرد، دەست بە بەكارهێنانی دەكەن.

ئاژانسی "تاس"ی روسی لەزاری میخائیل موراشكۆی وەزیری تەندروستی گواستییەوە، كە ناوەندی گمالیای تایبەت بە توێژینەوەی پزیشكی‌و تەكنەلۆژیای زیندەوەری دروستكردنی ڤاكسینی "سریریە"ی تەواو كردووە.

ئەو وەزیرە روسییە راشیگەیاند، ئێستا كار بۆ ئەوە دەكەن رێژەیەكی زۆر لەو ڤاكسینە بەرهەم بهێنن، بۆ ئەوەی ئەو داواكارییانەی پێپڕبكەنەوە، كە داوایان لێكراوە.

پێشتر روسیا رایگەیاندبوو، كە لەقۆناغی سێیەم‌و كۆتایی تاقیكردنەوەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنان‌و هەر وڵاتێكیش داوای بكات ئامادەن پێی بفرۆشن.

روسیا تاكە وڵات نییە، كار بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەكات‌و هەر یەكە لەچین‌و ئەمریكاو بەریتانیاو هندستانیش كار بۆ دروستكردنی ڤاكسینەكە دەكەن.

نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەمانگی دوانزەی ساڵی رابردووەوە لەوهانی چینەوە سەریهەڵداوەو تائێستاش ملیۆنان كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون‌و سەدان هەزار كەسیش بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.

هـ ـ ح