جوڵەیەكی بەرهەم ساڵح بۆ گۆڕانكاریكردن لەبڕگەیەكی دەستووری عێراق

ڕاپۆرت

08/08/2020‌ 4241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێشنیارەكەی لیژنەی ڕاسپێردراوی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار بۆ هەمواركردنەوەی هەندێك بڕگەی دەستووریی، كە دەچنە خانەی بەدەنگەوەهاتنی داواكارییەكانی جەماوەر لەسازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، دەرفەت بەهاتنە پێشەوەی لێوەشاوەكان دەدات و هەژموون و باڵادەستی حیزبە سیاسییەكانیش بەرتەسك دەكاتەوە، ئەمەش شەپۆلێكی مشتومڕكاری و بگرەو بەردەی لە نێوان سەرجەم فراكسیۆنە سیاسییەكان هێناوەتە ئاراوە.

لیژنەكە، كە لە ئاكامی ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی ئۆكتۆبەری ڕابردوو پێكهاتووە، دوو ڕۆژ لەمەوپێش پیشنیارێكیان خستووەتە بەردەم بەرهەم ساڵح بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ڕاسپاردنی ئەو لایەنەی زۆرینەی دەنگەكانی هێناوە، كە حكومەت پێكبێنێت، ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە لە ئێستادا كاری پێدەكرێت، چونكە ئەركی پێكهێنانی حكومەت بەفراكسیۆنی هەرە گەورەی پەرلەمانی سپێردراوە. 

لیژنەكە پێشنیاری ئەوەشی كردووە، كە گۆڕانكاری لە ڕوخساری سیستەمی پەرلەمانیدا بكرێت بەرەو سیستەمێكی سەرۆكایەتی یان سیستەمێكی تێكەڵ.

فراكسیۆنە سیاسییەكان لەمەڕ چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەو هەمواركردنەوانەدا ناكۆكن، كە ئاخۆ لەڕێگەی پەرلەمانەوە ئەنجامدەدرێت، یاخود لە ڕێگەی ڕاپرسییەكی جەماوەرییەوە؟ هەندێكیش پێیان وایە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەچوارچێوەی دەسەڵاتی دەستووریی سەرۆك كۆماردا نییە، سەرۆك كۆمار تەنیا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕەزامەند بێت لەسەر داواكارییەكە و دواتریش  بیخاتە بەردەم پەرلەمان، سەرباری ئەوەش، ئەوەی لە ئەرزی واقعیدا دەگوزەرێت وا دەكات ئەو هەمواركردنەوانە سەخت و دژواربن، ئەمەش هیواكانی گۆڕانكاری لەبار دەبات.

محەمەد ئەلغزی جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی دەڵێت: ڕێكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەگوێرەی بەندی 64 ی دەستوور مەیسەر دەبێت، دوای ئەمەش سەرۆك كۆمار لەماوەیەك، كە لە 60 زیاتر نەبێت لە بەرواری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، دەبێت وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕابگەیەنێت.

ئەلغزی ئاماژەی بەوەشدا، هەموو ئەو هەنگاوانە پەوەستن بەیەكەوە، چونكە هەردوو یاسای هەڵبژاردن و دادگای فیدڕاڵی پەیوەستن بە پەرلەمانەوە، ئەلعزی دەپرسێت و دەڵێت: چۆن دەكرێت ئەو هەمواركردنەوانە تێپەڕن لەكاتێكدا سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت پەكیان كەوتبێت؟

هەروەها یونادم كەنای ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بەهەمواركردنەوەی دەستوور، لە توانستی ئەو تیمەی سەرۆك كۆمار كەمدەكاتەوە لەوەی بتوانن پێشنیارەكانیان تیپەڕێنن، ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە، كە لیژنەی هەمواركردنەوە دەستوورییەكانی سەرۆكایەتی كۆمار، مافی ئەوەی نییە هیچ بڕیارێك بدات، تەنیا ئەوەی لەدەست دێت پێشنیارەكان بەرز بكاتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران.

كەنا ئەوەشی وت: هەمواركردنەوەی دەستوور پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمانە، دواتریش دەبێت ڕاپرسییەكی جەماوەری لەسەر بكرێت، بەو مەرجەی 3 پارێزگا ڕەتینەكەنەوە، لە ئێستاشدا زۆر سەخت و دژوارە هیچ هەمواركردنەوەیەكی دەستووریی ئەنجام بدرێت. 

كەنا ئاماژە بەوەش دەدات، كە دەكرێت ئەو هەمواركردنەوەیە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكە كاری پێ بكرێت.

هەروەها عادل لامی ئەندامی لیژنەی سەرۆكایەتی لەو بارەوە دەڵێت: سیستەمی سەرۆكایەتی واتای ئەوەیە سەرۆك ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، دواتر ئەویش سەرۆك وەزیران دادەنێت، یاخود وەك سامپڵە ئەمریكییەكە سەرۆك وەك خۆی دێڵێتەوە و دەشبێتە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان.

لامی وتیشی: هەرچی  سیستەمی تێكەڵە، واتای ئەوەیە سەرۆك كۆمار ڕاستەوحۆ لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، پەرلەمانیش بە دەنگی حكومەت پێكبێت، بەڵام دەسەڵاتی فراوان بە سەرۆك كۆمار بدرێت، سەرۆك كۆماریش فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەبێت، لەسەر داوای حكومەتیش سەرۆك دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش پیادەكردنی سەخت و دژوارە.

حەسەن مەسعودی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی ڕەووتی حیكمە لەو بارەوە دەڵێت "سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی ئەوەی نییە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕەزامەند بێت لەسەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، دواتریش داواكە بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگ لەسەردانی.  

پەرلەمان بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش لەسەر داوای سێیەكی ئەندامەكانی، یان لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ڕەزامەندی سەرۆك كۆمار، ناش بێت پەرلەمان لە ئان و ساتی لێپرسینەوە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوەشێتەوە. 

بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار پێشتر ڕایگەیاند بوو كە" هەر كاتێك داواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی لە لایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێ بگات، یەكسەر ڕەزامەند دەبێت لەسەری و داواكەش بۆ دەنگ لەسەردان دەخاتە بەردەم پەرلەمان". 

پێشتر و لە كۆتایی مانگی ڕابردوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیر، ڕۆژی 6 ی حوزەیرانی ساڵی ئایندەی وەك وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزی دۆخی سیاسی عێراق و شێواوی ئەو دامەزراوانەی ئەنجامدانی ئەو ئەركەیان لە ئەستۆ دایە، هەروەها بە هۆی پێویستی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و یاسای دادگای فیدڕالی باڵا، گومان لەوە دەكرێت حكومەت بتوانێت لەو وادەی دیار كردووە، ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدات. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەلعەین ئەلئیخبارییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر