شارپرێس:
هاوسه‌رۆكی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگه‌یاند، حزبه‌كه‌ی لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانە و ڕێگر نییە لە خۆپیشاندان و داوا ڕەواکانیان، بەڵام هەرگیز لەگەڵ تێکدان و سوتانی بارەگاکاندا نییە.
لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕۆ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه: "ئەمڕۆ لەگەڵ هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەڤەری راپەرین کۆبومەوە، لەو کۆبونەوەیەدا باسی گرنگی دەڤەری راپەرین و پشدەر کرا کە هەمیشە پێشەنگ بوون لە بەخشینی شەهید و قوربانی بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد".
باسی له‌وه‌شكردووه: لەو کۆبونەوەیەدا باس لە کێشە و گرفتەکانی خەڵکی دەڤەرەکە کرا و "جەختمان کردوە کە دەبێت زیاتر بەتەنگ داواکارییەکانی خەڵکیەوە بچین، دیارە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانە و ڕێگر نییە لە خۆپیشاندان و داوا ڕەواکانیان بەڵام هەرگیز لەگەڵ تێکدان و سوتانی بارەگاکاندا نییە".
لاهور شێخ جه‌نگی نوسیویه‌تی: "هەڤاڵانی سەرکردایەتی دەڤەرەکەمان ڕاسپارد کە لەماوەیەکی کەم دا ڕاپۆرتێک لەبارەی گرفت و کەموکورتییەکانی سنورەکە ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی یەکێتیی لەڕێگای نوێنەرەکانی لەحکومەت ڕێگا چارە و کێشەکانی دەڤەرەکە چارەسەر بکەن".
مانگی رابردوو خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، خۆپیشانده‌ران داوای دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانیان ده‌كرد، به‌ڵام له شاری هه‌ڵه‌بجه و چه‌مچه‌ماڵ و ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین گرژیی لێكه‌وتوه و ژماره‌یه‌ك باره‌گا و دامه‌زراوه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم سوتێندرا.