مەترسی هەیە بۆمەبەستی ساختەكاری بەكاربهێنرێن
ملیۆنێك و 500 كارتی دەنگدان لە كۆمسیۆن دیارنەماوە

عیراق

10/09/2020‌ 5647 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەها نووری پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرای كرد، نزیكەی ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار كارتی دەنگدەر لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكاندا دیارنەماون، ڕوونیشیكردووەتەوە، مەترسی هەیە ئەو كارتانە بۆ مەبەستی ساختەكاریكردن بەكاربهێنرێن .

نووری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تێڕوانینی دەوڵەتی یاسا لەسەرەتادا ئەوە بوو، كە هەر پارێگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت و پشت بە سیستەمی سانت لیگۆ ببەسترێت، بەڵام دوای بڕیاردان لەسەر سیستەمی فرەبازنەیی پارێزگاكان، لەئێستادا هاوپەیمانییەكەمان لەگەڵ ئەوەدایە هەر پارێزگایەك بكرێت بە دوو بازنەی هەڵبژاردنەوە، جگە لە پارێزگاكانی بەغدا و بەسرە و موسڵ كە بكرێن بە سێ بازنەی هەڵبژاردنەوە.

ئەو پەڕلەمانتارە روونیكردووەتەوە، كە تێڕوانینی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بۆ بەدیهێنانی ئامانجێكی گرنگە، كە ئەویش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بوارەودان بە كۆمسیۆن تا كارەكانی تەواو بكات، جگە لەوەی داوایان كردووە لەدەنگداندا پشت بە سیستەمی بایۆمەتری ببەسترێت ، بەوپێیەی زانیاریان هەیە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار كارتی دەنگدان لە كۆمسیۆن دار نەماوە كە رەنگە بۆمەبەستی ساختەكاری بەكاربهێنرێن . 

نووری راشیگەیاندووە، باسكردنی بابەتی بچووككردنەوەی بازنەی هەڵبژاردن بۆ ئاستی قەزا یان هەژماركردنی هەر كورسییەك بە بازنەیەكی هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بەڕێوەنەچێت، بەوپێیەی ئەركەكە بۆ كۆمسیۆنیش و هاوڵاتیانیش زۆر قورس دەبێت ، لەبەرئەوەی ناوچەی جێناكۆك و بەیەكداچوو هەن و چارەسەركردنیان ئاسان نییە .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی