قازانجە مادیەكانی ترەمپ لەتوركیا نهێنییە شاراوەكەی پەیوەندیەتی بەئەردۆغانەوە

مەلەفی تایبەت

01/10/2020‌ 2884 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیوەندییەكانی نێوان دۆناڵد تره‌مپ سەرۆكی ئەمریكاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، چەند پرسێكی گۆماناوییان ورژاندووە، بەتایبەتیش كە تره‌مپ چەندەها جار لایەنگری سیاسەتەكانی ئەردۆغانی كردووە، ئەمەش بۆتە هۆی تۆقینی كەسایەتییە حزبییەكانی كۆنگرێس‌و كەسانی هەواڵگری‌و ناوەندە دبلۆماتییەكان ئەمریكا. 

ڕاپۆرتە تازەكەی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی باس لەو داهاتانە دەكەن كە تره‌مپ لەبواری باجەكاندا لەتوركیا دەستیدەكەون، بەڵام هێشتاش وه‌ڵامی چەند پرسیارێك لەوبارەوە بەشاراوەیی ماونەتەوە.

سەودای مۆڵەتپێدانی قولەكەی (بورج) تره‌مپ‌و سەنتەری بازاڕ لەئیستانبوڵ یەكێكن لەو پرسیارانە كە وه‌ڵامەكەیان نادیارە.

تۆمارەكانی باج كە ڕۆژنامەی ناوبراو لەبارەی ئەو سەوداو مامەڵەوە دەستیكەوتوون، ئاماژە بەوەدەدەن، تره‌مپ لەو سەودایەدا زیاتر لە 13 ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە.

تره‌مپ بانگەشەی ئەوەیدەكرد كورسی سەرۆكایەتی ئەمریكا ناقۆزێتەوە بۆ بردنەوەی سەوداو مامەڵەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی بیانی، بەڵام ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز ئەوە نیشاندەدات كە 73 ملیۆن دۆلاری لەو سەودایانەوە دەستكەوتووەو بەشێكی ئەو پارەش لەو دەوڵەتانەوە هاتووە كە سیستەمەكەیان دكتاتۆرییە.

ڕاپۆرتەكە باس لەوەشدەكات، محەمەد عەلی یاڵجینداغ كەناڵی پەیوەندی نێوان ئەو دوو سەرۆكە بووە، ئەو بەشداربووە لەئاسانكاری سەوداو مامەڵەی قولەكانی ئیستانبوڵ لەساڵی 2008، لەوكاتەشەوە یاڵجینداغ بۆتە كەناڵی سەرەكی پەیوەندی نێوان هەردوو سەرۆك.

لەساڵی 2012دا تره‌مپ‌و ئیڤانكای كچی‌و گارید كۆشنەری زاوای‌و یاڵجینداغ، ئامادەی مەراسیمی كردنەوەی بورجەكانی تره‌مپ بوون لەئیستانبوڵ، لەوساوە دەنگۆی ئەوە هەیە كە یاڵجینداغی بزنسمانی توركی ساڵانە سێ چوار جار پەیوەندی بەترەمپەوە دەكات.

كاتێكیش لەساڵی 2016 تره‌مپ سەرۆكایەتی ئەمریكای بردەوە، یاڵجینداغی یاوەری دەكرد، ناوبراو لەلایەن باڵیۆزخانه‌ى توركیاوە لەئەمریكا ڕاسپێردرا بوو پەیوەندی بەتره‌مپەوە بكات.

بەهۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەی یاڵجینداغ بەتره‌مپەوە، ئەردۆغان یاڵجینداغی كردە سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی بزنسمانەكانی توركی- ئەمریكی كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە سەرپەرشتیدەكرێت‌و ئەركەكەشی ئەوەیە لەبری ئەنكەرە فشار بخاتەسەر حكومەتی ئەمریكا.

لەوساوە ئەنجومەنەكە كۆنگرەی ساڵانەی خۆی لەمیوانخانەی تره‌مپی جیهانی لەواشنتۆن (تره‌مپ ئینتەرناشیوناڵ) سازدەكات، بەمەش میوانخانەكە سەدەها هەزار دۆلاری دەستدەكەوێت.

لەساڵی 2019 ئەو كۆنگرە ساڵانەیە، ژینگەیەكی لەباری ڕەخساند بۆ یاڵجینداغ كە جوڵە دبلۆماسییە نافەرمییەكانی لەنێوان گارید كۆشنەری زاواو ڕاوێژكاری تره‌مپ‌و بیرات ئەلبەیرەقی زاوای ئەردۆغان‌و وەزیری دارایی توركیا برەو پێبدات.

لەو كۆنگرە ساڵانەیەدا كۆشنەر دیدارێكی لەكۆشكی سپی بۆ ئەلبەیرەق لەگەڵ تره‌مپدا سازكرد، دەگوترێت لەو دیدارەدا زاواكەی ئەردۆغان تره‌مپی ڕازیكردووە لەبەرامبەر كڕینی موشەكی بەرگری ئێس – 400 ڕوسی سزاكان بەسەر توركیادا نەسەپێنێت.

دوای ئەوەی توركیا لەساڵی 2019 كەرەستەكانی موشەكە ڕوسییەكەی پێگەیشت، ئەمریكا بڕیاریدا توركیا لەپرۆگرامی فڕۆكەی ئیف- 35ی ئەمریكی دوریخاتەوە، سەرباری ئەوەی یاسادانەرە ئەمریكییەكان پێیان باشبوو سزاكان بەسەر توركیادا بسەپیندرێن، كەچی تره‌مپ نەیهێشت ئەو سزایانە بسەپێندرێن.

داتاكانی باج كە دەست ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز كەوتون ئاماژە بەوەدەكەن، "گومان زۆر هەن سەبارەت بەسەودای قولەكانی تره‌مپ لەئیستانبوڵ كە سەرەتای دروستبوونی پەیوەندی بوو لەنێوان یاڵجینداغ‌و دۆناڵد تره‌مپدا". 

تۆمارەكان ئەوە نیشاندەدەن لەنێوان ساڵانی 2010- 2018دا تره‌مپ بڕی 26 ملیۆن دۆلاری وەك كرێی ڕاوێژكاری لەداهاتەكەی دابڕیوە كە هیچ پێویست نەبووە ئەوەبكات، ڕۆژنامەكە وای بۆ دەچێت تره‌مپ داهاتەكەی خۆی بەوە لەباجدان دەربازكردوە كە بڕێكی لێداوەتە ئەندامانی خێزانەكەی بەو پاساوەی كاری ڕاوێژكاریان بۆ كردووە.

بەبەراوردكردنی بڕیارەكانی تره‌مپ‌و ئیڤانكا لەبارەی باجەكانەوە، ڕۆژنامەكە ئەوەی بۆ دەركەوتووە، هەندێك لەو پارانەی دراونە كۆمپانیا ڕاوێژكارییەكەی تره‌مپ، بەشێكی بۆ ئیڤانكای كچی بووە كە وەك ڕاوێژكاری كارەكانی، تره‌مپ وەریگرتووە، ئەمەش لەڕووی یاساییەوە قسە هەڵدەگرێت.

ڕۆژنامەكە دەڵێت:"لەهەندێك حاڵەتدا ملیۆنەها دۆلار وەك مزەی (رسوم) ڕاوێژكاری خەرجكراون، هاوبەشە بیانییەكانیش دەڵێن ئەوان هیچ ڕاوێژكارێكیان نەبووە لەتوركیا، كەچی تۆماری مزە (رسوم) ڕاوێژكارییەكان دەریدەخەن بۆ ماوەی 7 ساڵ بڕی 2 ملیۆن دۆلار وەك كرێی ڕاوێژكاری خەرجكراوە".

بەرپرسە جێبەجێكارییە بەشداربووەكانی بنیاتنانی میوانخانەیەك لەئازەربایجان لەساڵی 2017، بەڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمزیان ڕاگەیاندووە، "ئیڤانكا لەو پرۆژەوە گلاوە"، كەچی پارێزەرەكەی ترەمپ دەمەتەقێی ئەوەدەكات كە ناكرێت‌و نابێت تۆمەتی تێوەگلان لەگەندەڵی بدرێتە پاڵ خانەوادەكە ترەمپ، چونكە تره‌مپ تەنها مۆڵەتپێدەر بووەو ڕۆڵێكی جەوهەری لەو پرسەدا نه‌گێڕاوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە تازەكەی ڕۆژنامەی ناوبراو، تۆماری سێ كۆمپانیاكانی تره‌مپ لەو پڕۆژیەدا پارەیان بۆ خزمەتگوزاری ڕاوێژكاری خەرجكردووە كە بڕەكەی دەگاتە 1.1 ملیۆن دۆلارو دراوەتە كەسێكی دیاریكراو.

لەڕووی یاساییەوە ناكرێت تەنها لەڕێگەی سەوداو ماڵەكانی تره‌مپ پەیوەست بەباجدانەوە ئەوە بسەلمێندرێت كە ئیڤانكای كچی تره‌مپ بەو مەبەستەی مزەی (رسوم) باج لەسەر باوكی سوك بكات، پارەی خزمەتگوزاری ڕاوێژكاری وەرگرتوە، بەڵام هێشتا ئەو پرسە جێگەی تێڕامان‌و گومانە.

وردەكاری تۆمارەكانی قولەكانی تره‌مپ لەئیستانبوڵ كە پەیوەستن بەملیۆنەها دۆلارەوە، ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەكەن كە سامان‌و پارە هۆكارێك بوون بۆ بەهێزكردنی دبلۆماسییەتی نافەرمی لەنێوان هەردوو خانەوادەی تره‌مپ‌و ئەردۆغاندا.
 
وه‌رگێڕان: لوقمان حاجى قادر
سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلیكترۆنی ئەحوال توركیا