ئه‌م كانزایه‌ ناهێڵێت به‌كۆرۆنا بمریت..تره‌مپیش به‌كاریهێناوه‌

تەندروستی

08/10/2020‌ 5556 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەو چارەسەرانەی تره‌مپ لەکاتی توشبونی بەکۆرۆنا پێیدراوە بریتیبووە له‌کانزای زینک، دەکرێت لەڕێگای هەندێکجۆر خواردن‌و تەواوکەری خۆراکیی (سەپڵیمێنت)ی هەرزانەوە دەستبکەوێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، توێژەرانی ئیسپانیا لەڕێگای لێکۆڵینەوەیەکەوە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی، ئەو توشبوانەی کۆرۆنا لەمانگەکانی ئازارو نیسانی رابردوو لەنەخۆشخانەکانی ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە، ڕێژەی زینک لەجەستەیاندا ٤٣ مایکرۆگرام بوە بۆهەر دیسیلیترێک، بەڵام ئەوانەی توانیویانە نەخۆشییەکە بپەڕێنن ڕێژەی زینک لەخوێنیاندا ٦٣ بوە.

تێکڕای سروشتی زینک لەجەستەی مرۆڤدا بریتییە لە ٧٠ میاکرۆگرام بۆ هەر دیسیلیترێک، لەگەڵ هەژمارکردنی تەمەن‌و ڕەگەزو ڕادەی توندی نەخۆشییەکە.

دەریشکەوتوە، تاوەکو ئاستی زینک لەخوێندا بەرزبوبێت، ئەوە ڕێژەی مردن بەڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێژەی لە 7% کەمتر بوە.

زاناکان دەڵێن:"زینک کاریگەریی دژە ڤایرۆسی هەیەو ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەپرۆسەی جێگرەوەی خۆراکیی (میتاپۆلیزم)و کارکردنی سیستەمی بەرگری جەستە".

پەیمانگای نیشتیمانی بۆ تەندروستیی سەر بەوەزارەتی تەندروستی ئەمریکا دەڵێت:"زۆر کەمی زینک لەخوێندا، سیستەمی بەرگری جەستە لاوازدەکات، بۆیە ڕێنماییانداوە سەپڵیمینتەکانی ئەو کانزایە بەکاربهێنرێت".

گرنگترین سەرچاوەی دەستکەوتنی کانزای زینک بریتییە لەگۆشتی سور، هەروەک دانەوێڵەی تەواوو فاسۆلیاو چەرەساتەکانیش زینکیان تێدایە، بەڵام ئەو ترشانەشیان تێدایە کە ڕێگری لەمژینی دەکات.

زانکۆی ویلایەتی ئۆریگۆن دەڵێت:"وڵاتانی تازە گەشەسەندوو گرفتی کەمی زینکیان هەیەو کاریگەرییەکەش نزیکەی ٢ ملیار کەسی گرتۆتەوە، ئەویش بەهۆی کەمی پەیڕەوکردنی ئەو سیستەمە خۆراکیانەی سەرچاوەکەی ئاژەڵییە".

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی