شارپرێس:
هه‌ردوو ڕۆژی 31ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبه‌ر بووه‌ته ئایكۆنی تۆخكردنه‌وه‌ی دژایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌و ڕۆژه‌دا پیشانی ناوخۆی كوردستان و ده‌ره‌وه‌شی ده‌ده‌ن، كه هه‌رچه‌نده واده‌ربكه‌وێت ته‌با و كۆكن، به‌ڵام هێشتا دوو ڕۆژی ساڵ هه‌یه كه له‌یه‌كترییان داده‌بڕیت.
تا ساڵی 2017 قورسایی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی ته‌نیا له‌سه‌ر ڕووداوێك بوو كه ساڵانه سه‌ركرده‌و لایه‌نگره‌كانی به‌چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له‌هاتنی ساڵیادی ئه‌و ڕووداوه خۆیان بۆ ئاماده ده‌كرد، ئه‌ویش ڕووداوی 31ی ئاب بوو، كه تیایدا پارتی له‌هاوپه‌یمانێتییه‌كی ئاشكرا له‌گه‌ڵ ڕژێمی سه‌دام حسێن هێرشیكرده سه‌ر هێزه‌كانی یه‌كێتی و هه‌ولێر و زۆر ناوچه‌ی دیكه‌ی هه‌رێمی له یه‌كێتی وه‌رگرته‌وه.
31ی ئاب بۆ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی تا ساڵی 2017 هه‌م ده‌ستكه‌وتی سیاسی و هه‌م ده‌ستكه‌وتی جه‌ماوه‌ریی بوو، به‌ڵام ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 كۆتایی به‌و تاك ڕووداوییه هێنا و هاوشێوه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌ی فیفتی به فیفتی، پارتی ڕووداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ری به‌سه‌ر یه‌كێتیدا ساغكرده‌وه، كه تا ئه‌م ساته‌ش یه‌كێتی نكوڵی له‌وه ده‌كات ڕووداوه‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی پارتی ده‌ڵێت "خیانه‌ت بێت".
خاڵی هاوبه‌شی ئه‌و دوو ڕووداوه له‌وه‌دایه بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی ڕووداوه‌كه‌ی ئاڕاسته ده‌كرێت جێگه‌ی شانازییه، پارتی ده‌ڵێت "31 ئاب ڕۆژێكی پیرۆزه" یه‌كێتیش "16 ئۆكتۆبه‌ر به‌ڕۆژێكی گرنگ بۆ خوێن نه‌ڕشتن و كۆتایی هه‌ژموونی پارتی" ناوده‌بات.
یادكردنه‌وه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌مساڵ ته‌واو جیاوازبوو له سێ ساڵی ڕابردوو، ئه‌مساڵ پارتی و یه‌كێتی كه پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن كه‌وتنه هێرشێكی توندی ڕاگه‌یاندنه‌وه دژی یه‌ك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیانییه‌ك ته‌ماشای شه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و دوو هێزه‌بكات وا هه‌ستده‌كات لایه‌نێكیان له‌ده‌سه‌ڵاتدایه و لایه‌نه‌كه‌ی دیكه له‌نێو ئۆپۆزسیۆن، نازانێت ئه‌و دوو هێزه هاوپه‌یمانێتی ستراتیژی و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی سیاسی و ئابووریی له‌نێوانیاندایه.
یه‌كه‌م گڕی شه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی ئه‌مساڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی و پاشان مه‌سرور بارزانی كوڕ و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017یان به‌ردا.
له‌دوای ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017ه‌وه هه‌میشه به‌رپرسانی باڵای پارتی و له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه مه‌سعود بارزانی و مه‌سرور بارزانی كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی له‌پشت ئه‌و ڕووداوه‌وه بوون و به "خیانه‌ت له هه‌رێمی كوردستان" تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، خیانه‌ت له فه‌رهه‌نگ و یاسای هه‌موو وڵاتانی جیهاندا لێخۆشبوونی بۆ نییه، ته‌نانه‌ت كاتێك به‌رپرسی وڵاتێك له‌به‌رزترین ئاستی ده‌سه‌ڵاتیدا "خیانه‌ت" بكات، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ ده‌برێته به‌رده‌م یاسا، به‌ڵام پارتی كه پێكهێنه‌ری یه‌كه‌می حكومه‌تی یه‌كه‌مه به‌و لێدوانانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی یه‌كێتییه‌وه چه‌نده ده‌بێته ده‌ستكه‌وتی سیاسی بۆی، هێنده‌ش ده‌بێته شكستی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن بۆ ئه‌و حزبه، چونكه ئه‌گه‌ر پارتی دۆكیومێنتی "خیانه‌ت"ی كه‌س و لایه‌نێكی له‌به‌رده‌ستدایه، چۆن ناتوانێت دۆكیومێنته‌كان بباته به‌رده‌م دادگا، با ئه‌و دادگایه بێلایه‌نیش نه‌بێت.
له‌به‌رامبه‌ریشدا یه‌كێتی كه‌وتوه‌ته‌وه نێو هه‌مان هه‌ڵه‌ی پارتی و ساڵانه له 31ی ئابدا فوده‌كات به‌هه‌ستی لایه‌نگره‌كانیدا و پارتی وه‌ك "خیانه‌تكار" تۆمه‌تبار ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا له‌پاش هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك هێزی یه‌كه‌مه كه ده‌چێته دانوستانی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ هێزێكدا كه له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا به "خیانه‌تكار" تۆمه‌تباری كردووه.
له‌ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا ته‌نیا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆیان له قسه‌كردن له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه به‌دوورگرت، له‌مه‌شدا خه‌ڵكی وه‌ك دوو لایه‌نی میانڕه‌وی نێو پارتی و یه‌كێتی ته‌ماشای ئه‌و دوو به‌رپرسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ناكرێت به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دژی ئه‌و ڕووداوه كه به‌زمانێكی توند نوسرابوو نێچیرڤان بارزانی لێی ئاگادار نه‌بێت، وه‌كچۆن ناكرێت قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك سه‌رۆكی تیمی یه‌كێتی له حكومه‌تی هه‌رێم ئاگاداری به‌یاننامه‌ی تیمه‌كه‌ی نه‌بێت كه داوایكردووه ئه‌گه‌ر بڕیاره باس له‌هه‌موو ڕووداوه‌كان بكرێت، ده‌بێت باس له 31ی ئاب و شه‌نگالیش بكرێت.
به‌رای چاودێران ڕووداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌هه‌مان ئه‌ندازه یه‌كێتی و پارتی لێی به‌رپرسن، چونكه له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ڕێگه‌دان به هێزه عێراقییه‌كان كه بچنه نێو كه‌ركوكه‌وه، چه‌ند كاتژمێرێك دواتر پارتی له‌ناوچه جێناكۆكه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی كشایه‌وه، به‌ڵام به‌هێزی ڕاگه‌یاندنیی پارتی له‌و ڕۆژانه‌دا ڕوداوه‌كه‌ی له‌سه‌ر یه‌كێتی تۆخكرده‌وه.
ساڵانه كه یادی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كرێته‌وه، یاده‌كه له‌چوارچێوه‌یه‌كی سواو و دووباره ده‌رناچێت، قه‌وانی ساڵیادی پێشووه‌و بۆ ئه‌و ساڵه‌ش دووباره ده‌كرێته‌وه، چونكه له‌دوای ساڵی 2017ه‌وه له هیچ ساڵێكدا پارتی به به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵگر نه‌یسه‌لماندووه 16ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ ڕووداوێكی ڕه‌شه له مێژووی باشووری كوردستان، له‌به‌رامبه‌ریشدا یه‌كێتی نه‌یتوانیوه بۆ ڕایگشتی بسه‌لمێنێت كشانه‌وه‌ی له كه‌ركوك ڕێككه‌وتنی پێشوه‌خت بوو یاخود ڕێگریكردن بوو له ڕشتنی خوێنی پێشمه‌رگه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مه كه‌واته فه‌رمانده ئێرانییه‌كان له‌وڕۆژه‌دا له‌كه‌ركوك چیانده‌كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی دووه‌میشه كه‌واته ئه‌و پۆله پێشمه‌رگه‌یه له‌و ڕۆژه‌دا چۆن شه‌هید بوون ئه‌گه‌ر فه‌رمانی شه‌ڕ نه‌كردنیان پێبووه.
شه‌ڕی پردێ، ئه‌وه‌ی پارتی ساڵانه وه‌ك داستان و ڕاگرتنی حه‌شدی شه‌عبی باسیده‌كات، له‌بنه‌ڕه‌تدا یه‌ك ڕووداو شه‌ڕی پردێی گه‌وره‌كرد ئه‌ویش ته‌قاندنه‌وه‌ی تانكێكی ئه‌مریكا بوو كه به‌تانكی "ئه‌برامز" ناسراوه... به‌ڵام ئه‌و كاره دواتر سه‌رئێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ پارتی دروستكرد و تا ماوه‌یه‌ك ئه‌مریكا چه‌كی قورسی نه‌دایه هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئه‌و تانكه به "چه‌كی میلان" ته‌قێندرایه‌وه كه چه‌كێكی (ئه‌ڵمانی - فه‌ره‌نسییه) به‌وه‌ش یه‌كێك له‌خه‌وشه گه‌وره‌كانی تانكه‌كه ئه‌مریكییه‌كه بۆ جیهان ئاشكرابوو، به‌وه‌ش پارتی به‌ئاسانی بیرۆكه‌ی شكستهێنان به‌یه‌كێك تانكه گرنگه‌كانی ئه‌مریكای بێبه‌رامبه‌ر پێشكه‌شی نه‌یارانی ئه‌و وڵاته كرد.
له‌دوای ڕێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی پاش ساڵانێك له‌شه‌ڕی ناوخۆ، بارزانی و تاڵه‌بانی، كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌و دوو حزبه بێتاوانی خۆیان له‌و شه‌ڕی ناوخۆ نیشاندا، كه ڕووداوی 31ی ئابیش به‌شێكه له‌و مێژووه، پرسیاری گرنگ له ئێستادا ئه‌وه‌یه چه‌ند ساڵی دیكه‌ی ده‌وێت تا كه‌سی یه‌كه‌می هه‌ردوو حزبه‌كه بێنه سه‌ر شاشه و بڵێن "ئێمه له ڕووداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بێ‌تاوان بووین"...... ئاخۆ پارتی بانگه‌شه‌ی كابینه‌ی نۆ كه "حوكمی سه‌رتاسه‌ریی له كوردستان" ده‌كاته كردار و ئه‌و كه‌سانه‌ی له دیدی پارتیه‌وه "تاوانبار" بوون له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا ده‌باته به‌رده‌م دادگا؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو ڕووداوه له‌مێژووی یه‌كێتی و پارتی ده‌ربهێنیت، دواتر هه‌ردوكیان به چ ڕووداوێكی دیكه جۆشی هه‌ستی دژایه‌تی لایه‌نگره‌كانیان به‌رامبه‌ر یه‌ك بده‌ن؟ له‌كاتێكدایه یه‌كێتی و پارتی به‌ڕۆژ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و بۆ شه‌ویش لێدوانی ئاگرینی دابڕین به‌رامبه‌ر یه‌ك ده‌ده‌ن.
ڕ. ج