بایكۆتی سعودیەو ئیمارات نەهامەتییەكی دیكە بۆ توركیا دەخوڵقێنێت

ڕاپۆرت

20/10/2020‌ 4150 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سعودی‌و ئیماراتییەكان هەڵمەتی بایكۆتكردنی هەموو كەلوپەلێكی توركیایان دەستپێكردوە، بایكۆتەكە لەسەر ئاستێكی فەرمی بەڕێوەناچێت، بەڵكو لەسەر ئاستی جەماوەری بوو، ئەمەش بوە مایەی دڵەڕاوكێ‌و نیگەرانییەكی قوڵی بزنسمانەكانی توركیا.

ئەم هەڵمەتی بایكۆتكردنە سەرەتا لەسۆشیاڵ میدیا دەستیپێكرد، كاتێكیش هەردوو بواری بازرگانی‌و پیشەسازی گرتەوە، هەڵمەتەكە بوە هەڵمەتێكی ڕاستەقینە.

عەجلان عەجلانی سەرۆكی ژوری بارزگانی سعودیە پێشدەستی بەڕێوەبردنی هەڵمەتەكەی گرتەئەستۆ كە بریتیبوو لەسێ (نا): نا بۆ وەبەرهێنان لەتوركیا، نا بۆ هاوردەكردنی كەلوپەلی توركی، نا بۆ گەشتوگوزار لەتوركیا.

بایكۆتەكە هەر ئەو بوارانەی سەرەوەی نەگرتۆتەوە، بەڵكو ئەو ماركە بازرگانییانەشی گرتەوە كە لەتوركیا دروستدەكرێن، لەوانەیە ئەم هەنگاوەش وا لەكۆمپانیا جیهانییەكانی وەك (ZARA,MANGO,MARKA &SPENCER,H&M) بكات وەبەرهێنانەكانیان لە توركیا بگوازنەوە بۆ وڵاتێكی دیكە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی میدیایی بەریتانی، ئابوری توركیا بەهۆی ئەو بایكۆتەوە كاریگەری گەورەی دەكەوێتەسەر.

كەناڵی ئاسمانی بی بی سی لەزاری ئەردۆغانەوە باسی لەوەكردوە، سەرۆكی توركیا لەسەردانەكەی ئەمدوایەیدا بۆ قەتەر وتویەتی:"سوپای توركیا لەڕێگەی جێگیربونی لەقەتەر، پارێزگاریی لەسەقامگیریی دەوڵەتان كەنداو دەكات، ئەوانەش كە بەبونی سوپای توركیا لەقەتەر نیگەرانن تەنها ئەوانەن كە پشێویی‌و پاشاگەردانیان دەوێت".

ئەردۆغان ئەوەشی وت:"هەندێك لەدەوڵەتانی ناوچەكەمان لەڕابردودا بونیان نەبوە، لەوانەیە لەئایندەشدا لەناوچن‌و نەمێنن، بەڵام بەویستی خودا ئێمە بۆ هەتا هەتایە ئاڵەكەمان لەم ناوچەیەدا دەمێنێتەوەو دەشەكێتەوە".

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان نیگەرانی هەریەك لەسعودیەو ئیماراتی لێكەوتەوە، ئەردۆغانیشیان بەوە تۆمەتباركرد كە دەست لەكاروباری دەوڵەتانی عەرەبی وەردەدات‌و پشتیوانیش لەگروپە توندڕەوە تیرۆریستەكان دەكات، دەستتێوەردانی توركیاش لەكاروباری لیبیاو پشتیوانیكردنیش لەمیلیشیا چەكدارەكانی سەر بەحكومەتەكەی ویفاق، جێگەی نیگەرانی قوڵی سعودیەو ئیماڕاتە.

لەشانشینی سعودیە لەو باوەڕەدان كە توركیا دەیەوێت ڕۆڵی سعودیە لەكێشەو ململانێكانی ناوچەكەدا بسڕێتەوەو ناسەقامگیریش لەو وڵاتەدا بەرپابكات.

عەجلان عەجلان لەوبارەوە دەڵێت:"ئێمە چ وەك هاوڵاتی‌و چ وەك بزنسمان، بایكۆتی هەرشتێك دەكەین پەیوەندی بەتوركیاوە هەبێت"، داواشی لەهاوڵاتییانی سعودیە كردوە بایكۆتی هەموو شتێكی توركی بكەن، چونكە ئەنكەرە بێڕێزی بەكارەدەستانی وڵاتەكەیان دەكات.

هۆكاری هەرە گەورەكەی ئەو بایكۆتەی ڕیاز ئەوەیە كە سعودیە پێیوایە، توركیا گەرەكیەتی ڕۆڵی سعودیە وەك هێزێكی سونەمەزهەب لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسڕێتەوە.

بەرپرسە سعودییەكان بەفەرمی هیچ قسەیەكیان سەبارەت بەلێدوانەكانی  ئەردۆغان نەكردوە، لەبارەی بایكۆتەكەشەوە بەفەرمی هیچیان نەوتوە، بەڵكو بایكۆتەكە لەسەر ئاستێكی جەماوەریدا بەڕێوەدەچێت، هەربۆیە بۆ توركیا سەخت‌و دژوارە لۆمەی سعودیە بكات‌و لەوبارەوە گلەیی‌و گازندەی لێبكات.

بەم هەڵمەتی بایكۆتەی سعودیە، بزنسمانە توركەكان زەرەرو زیانێكی گەورە دەكەن‌و هەلەكانی وەبەرهێنانیان لەو وڵاتە لەكیس دەچێت، بۆیە مستەفا گۆڵتیبی سەرۆكی یەكێتی هەناردەكارانی ژوری جلوبەرگ لەئیستانبوڵ لەوبارەوە وتویەتی:"هەموو ئەو بازرگانە توركانەی كاڵا هەناردەی سعودیە دەكەن، كاریگەری بایكۆتەكەیان كەوتۆتەسەر، هەناردەكارانی توركیاش سكاڵایان لەو ڕێوشوێنانە كردوە كە دەزگا گومرگییەكانی سعودیە گرتویاننەبەر".

مه‌دحەت یەنی قۆن سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی توركیا لەلێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی (جمهوریه‌ت) دەڵێت:"بەهۆی ئەو هەستی ڕقلێبونەوەی دژ بەتوركیا لەئارادایە، بەڵێندەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەلایەنی كەمەوە نزیكەی سێ ملیار دۆلاریان زەرەر كردوە".

میر عەبدولڕه‌حمان بن مساعدی شاعیر لەتویتێكیدا باسی لەوەكردوە، بەهۆی بانگەشەكردنی بۆ بایكۆتكردنی بەرهەمە توركییەكان، لەلایەن میدیاكانی توركیاوە هێرشێكی توندی كراوەتەسەر، ئەو دەڵێت:"كەمترین وه‌ڵامێك لەبەرامبەر سیاسەتەكانی توركیاو لێدوانەكانی ئەردۆغان، بایكۆتكردنی كاڵا توركییەكانە، ئەمەش بەردەوامدەبێت تائەوكاتەی توركیا دەستبەرداری ئەو هەڵوێست‌و ڕەفتارانەی دەبێت، ئەم هەڵمەتی بایكۆتەش نیشانەی خۆشەویستی‌و دڵسۆزی سعودییەكانە بۆ وڵاتەكەیان".

دوای ئەو هێرشانەی لەلایەن میدیای توركیا كرانەسەری، بن مساعد وتی:"توركیا دەوڵەتێكی گەورەیە، هیوای هەموو شتێكی باش بۆ گەلەكەی دەخوازم، گرفتی من‌و سعودییەكانیش تەنها لەگەڵ ئەردۆغانە، لێدوانەكانی سەرۆكی توركیا هەموو سنورێكیان بەزاندوە".

وەرگێڕان‌و ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر
سەرچاوە: یوتیوب (RT)