هاوڵاتییه‌كی كورد لە زیندان لەرێگای خواردنی وردە شووشە هەوڵی خۆکوشتن ده‌دات

کوردستان

20/10/2020‌ 630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل موکەڕەم بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و ڕۆژی یەکشەممە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، لە ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە لە ڕێگای خواردنی وردە شووشەوه‌ هەوڵی خۆکوشتنی داوە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
 
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر 8ی شەوی دووشەممە 19ی ئۆکتۆبر، عادل موکەڕەم بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ئورمیە کە دوای ئەوەی هەوڵی خۆسووتاندنی دابوو بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازرابوویەوە، لەڕێگای خواردنی وردە شووشە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیە، عادل موکەڕەم شەوی ڕابردوو لە ته‌ندروستی بەندینخانە لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە، بەڵام کاتژمێر 2ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی بە مەبەستی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندینخانە گوازراوەتەوە.
 
عادل موکەڕەم 18ی ئه‌م مانگه‌، لە هۆڵی بەندینخانەی ئورمیە و لە پێش چاوی جێگری بەرپرسی بەندینخانە و دادوەری چاوەدێر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی پێ بکرێت، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسیە 4ی ئۆکتۆبری 2020 بەمه‌به‌ستنی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی دوای زیندانیكردنی بۆ ماوه‌ی 10 مانگ به‌بێ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی لێوەکانی خۆی دووریوه‌ته‌وە و مانی لە خواردن گرتبوو، دوای سێ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندینخانەكه‌ لەسەر جێبەجێ کردنی داواکارییەكانی، مانگرتنەکەی شکاندبوو.

عادل موکەڕەم تەمەن 30 ساڵه‌ و خەڵکی ئورمیەیه‌، ساڵی ڕابردو لە سنووری شاری خۆی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و بۆ ماوەی 20 ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی لەژێر لێپرسینەوە بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە.
 
دانیشتنی دادگای عادل موکەڕەم مانگێک پێش ئێستا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بەڕێوەچوو و تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە وڵات" خراوەتە پاڵ ناوبراو.
 
عادل موکەڕەم پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و سەرەتای هاوینی 2019  چووەتە وڵاتی تورکیا و داوای مافی پەنابەری کردبوو.