شارپرێس:
ڕۆژنامهیهكى ئهمریكى ههڕهشهیهكى جدى لهسهر عێراقو ههرێمى كوردستان ئاشكرادهكاتو نوسیویهتى:"ئێران لەڕێگای هۆڕەکانی باشوری عێراق دەروازە سنورییەکانی هەرێمهوه بۆتە خاڵی گواستنەوەی ئەو ماددە مەترسیدارە بۆ عێراق".
ڕۆژنامەی مۆنیتۆری ئهمریكی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەڕادەی بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان لەعێراقو کاریگەریی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر بڵاوبونەوەی لەعێراقو هەرێمی کوردستان کردوە.
ڕۆژنامەکە بەپشتبەستن بەقسەی بەرپرسانی عێراق بڵاویكردۆتهوه، "هێشتا سنورەکانی عێراق بەڕوی ئەوکەسانەدا کراوەن کە قاچاخچێتی بەمادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن، لەکاتێکدا هیچ تەکنەلۆژیایەکی هاوچەرخ لەبەردەستی هێزە ئەمنییەکاندا نییە چاودێری سنورەکانی پێبکەنو ڕێگری لەهاتنەناوەوەی بکەن".
ئهوهشى نوسیوه:"بەشێک لەگروپە چەکدارییەکان دەستیان بەسەر بەشێک لەناوچە سنورییەکاندا گرتوەو بەرامبەر بەوەرگرتنی بڕە پارەیەکی گەورە لەقاچاخچییەکان، ئاسانکاری بۆ هاتنی مادە هۆشبەرەکان بۆ ناو عێراق دەکەن".
مۆنیتۆر لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستا چیتر عێراق ئەو وڵاتە نییە کە خاڵی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بوو، بەڵکو بۆتە بازاڕێکی سەرەکیی ساغکردنەوەی لەناوخۆدا، بەشێوەیەک ژمارەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لەخوێندنگاکانی بەسڕەو عەمارەو ناسرییەو سەماوەو بەشێک لەناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە".
ڕۆژنامەکە هۆکاری زیادبونی ژمارەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان بۆ ئەوە گهڕاندۆتهوه، حکومەتی عێراق هیچ ڕێکارێکی ئەووتۆی لەگەڵ سنورەکانی لەگەڵ ئێران نەگرتۆتەبەر کە ڕێگری لەهاتنی ئەو مادە مەترسییدارە بکات، ئەوە جگە لەئاسانکارییکردن لەدۆسیەی مادە هۆشبەرەکانو بونی گەندەڵی لەناو دەزگا ئەمنیەکان کە ڕێگەی بۆ بەشێک لەبازرگانانی مادە هۆشبەرەکان خۆشکردوە لەدەستی یاسا ڕزگاریان ببێت".
مۆنیتۆر دەڵێت:"سروشتیی خێڵگەرایی کۆمەڵگەی عێراقیی یەکێکە لەڕێگرەکانی چارەسەرکردنی پرسی مادە هۆشبەرەکان، لەبەرئەوەی هەرکەسێک هەوڵی دەستگیرکردنو تەنگهەڵچنین بەباندەکانی مادە هۆشبەرەکان بدات لەلایەن هۆزو گروپە سیاسییەکانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت، لەبەرئەوەی لەلایەن باندە مافیاییەکانەوە بڕە پارەیەکی گەورەیان دەستدەکەوێت قازانجی ئەوان لەوەدایە ئەو بازرگانییە هەر لەبرەدابێت".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
