شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، کۆمپانیای زەبەلاحی "فایزەر" ی ئهمریكی، پێشوەختە لە 82%ی بەرهەمەکانی لەڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەژمارەیەک لەوڵاتانی دەوڵەمەند فرۆشتوە، کە ئەمەش ترسی لای دانیشتوانی وڵاتە هەژارەکان دروستکردوە لەوەی نەتوانن ئەو ڤاکسینە بەدەستبهێنن.
ئەو کۆمپانیا ئهمریكیەی بواری پیشەسازی دەرمانو کۆمپانیا "بایۆتنیک"ی ئەڵمانی هاوبەشی دەیانەوێت لەماوەی ساڵی ٢٠٢١دا یەک ملیارو ٣٠٠ ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە بەرهەمبهێنن، بەڵام پێشوەختە بەشی هەرەزۆری ئەو ژمارەیە لەلایەن وڵاتانی وەک ئهمریكاو بەریتانیاو یابانو یەکێتیی ئەوروپاوە کڕدراوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئیندپێندت"ی بەریتانی، ئەو وڵاتانە کە پێشوەختە سەدان ملیۆن دانەی ئەو ڤاکسینەیان کڕیوە تەنیا لە 14%ى دانیشتوانی زەوی پێکدەهێنن.
گروپی "دادپەروەری جیهانی لەئێستادا" کە بارەگاکەی لەبەریتانیایەو لەبواری تەندروستییو دادپەروەری کۆمەڵایەتیی کاردەکات دەڵێت:"دەستڕانەگەیشتنی دادپەروەرانە بەو ڤاکسینەو ئەو ڤاکسینانەی تر کە لەئێستادا پەرەیان پێدەدرێت هەڕەشە لەژیانی هەزاران کەس لەجیهان دەکات".
هەروەک بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن دامەزراوەی بیڵ ئاند ملیندا گیتسەوە کراوە دەریخستوە ئەگەربێتو پێکوتەی دژە کۆڕۆنا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەسەر ئاستی جیهان دابەش بکرێت، ئەوە لە 61%ى مردنەکان بەڤایرۆسی کۆڕۆنا کەمدەکاتەوە، بەراورد بەلە 33%، ئەگەربێتو سەرەتا پێکوتەکە بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکان دابین بکرێت.
لای خۆیەوە هایدی چاو گەورە بەڕێوەبەری سیاسەتەکان لەگروپی "دادپەروەری جیهانیی" دەڵێت:"ئەگەربێتو ڤاکسینی کۆڕۆنا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشنەکرێتو وڵاتە هەژمارەکان لەڕیزەکانیداوە سەرە بۆ وەرگرتنی بگرن، ئەوە ڕاگەیاندنی دۆزینەوەی پێکوتەی دژ بەڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبێتە هەواڵێکی خۆش تەنها بۆ بەشێکی کەم لەمرۆڤایەتی".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی