گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لەعێراق لەدوای ساڵی 2003 ئاشکرادەکرێت

عیراق

22/11/2020‌ 654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى عێراق گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌دواى ساڵى 2003وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌یان هه‌زار كۆمپانیاى وه‌همى له‌عێراق كارده‌كه‌ن بۆ شۆردنه‌وه‌ى پاره‌و گواستنه‌وه‌ى بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراق.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (سەباح)ی فەرمی، پەڕلەمانتارێکی عێراق گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لەعێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ئاشکراکردوە کە بریتییە لەبونی دەیان هەزار کۆمپانیای وەهمی کەکاریان بریتییە لەشۆردنه‌وه‌ى پارەو گواستنەوەیان بۆ دەره‌وەی وڵات لەژێر پەردەی یاساییدا.

بەپێی راپۆرته‌كه‌، موهەننەد عیتابی پەڕلەمانتاری کوتلەی نەهجی نیشتیمانی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوە، بەپێی زانیارییەکانی ڕەشاد خەڵەف هاشم بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی نزیکەی ٨٠ هەزار کۆمپانیای بازرگانی لەوەزارەتەکەیان تۆمارکراون، لەکاتێکدا بەشی هەرە زۆریان ماوەی ١٥ ساڵە هیچ جۆرە چالاکییەکیان نەکردوە.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی جەختیکردۆتەوە، ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لەئێستادا چالاکیی بازرگانیان هەیە بریتیە لە ٢٠ هەزار کۆمپانیا، بەوپێیە ٦٠ هەزار کۆمپانیایان وەهمین‌و لەبنەڕەتدا بونیان نەماوە.

ئەو پەڕلەمانتارە دەڵێت:"دوای ئاشکراکردنی ئەو بابەتە، ئیتر دەبێت لایەنە دادوەری‌و چاودێرییەکان‌و میدیای ئازاد، بەدواداچون بۆ ئەو دۆسیەیە بکەن کە گەورەترین دۆسیەی گەندەڵییە لەعێراقدا لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣".

هەروەک لەماوەی ڕابردوشدا ڕاپۆرتێکی پەرلەمانی ئاشکرایکرد، لەساڵی ٢٠٠٥وە تائێستا لەعێراق بەبەهای نزیکەی ٣٠٠ ملیار دۆلار پارە لەپڕۆژەی وەهمیدا بەفیڕۆ دراوە، وەک پڕۆژەکانی کەرتی تەندروستیی‌و ڕێگەوبان‌و پردو ناوەندی کاتبەسەربردن‌و گەشتیاری‌و وەبەرهێنان لەکەرتەکانی کشتوکاڵی‌و پیشەسازی‌و نیشتەجێکردن.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو پارانە دەچێتە گیرفانی کەسانی گەندەڵکارو پارتە سیاسییەکان، بەشێکیشیان گواستراونەتەوە بۆ بانکەکانی ئێران‌و لوبنان کە ئەو دوو وڵاتە خۆیان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن.

هەروەک بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی عێراق یەکێکە لەوڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان بەشێوەیەک له‌ڕوی شەفافیەتەوە لەپلەی شەشەمی وڵاتانی عەرەبیدایە‌و لەسەر ئاستی جیهانیش لەكۆی ١٨٠ وڵات، لەپلەی ١٦٢دایە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی