سلێمانی، پڕ لەڕوداوی جۆراوجۆرو هێرشی چەکداریی

ڕاپۆرت

24/11/2020‌ 1153 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەڕاپۆرتێکی وردو پڕ داتادا تیشکمانخستەسەر ئەو ڕوداوانەی کە لەپاریزگای هەولێر ڕودەدەن‌و هێرشدەکرێتەسەر دەرمانخانەو کافتریاو بەئۆتۆمبێلی جامڕەشەوە چەندین تاوان ئەنجامدەدرێت.

ئێستاو دوای ماوەیەکی کەم سەرەڕای ئەوەی وەک هەر شارێکی ئاسایی چەندین ڕوداو لەپارێزگای سلێمانیش ڕویاندەدا، بەڵام لەماوەی ڕابردودا ڕوداوەکانی کوشتن‌و هەڵکوتانەسەر کەسانی مەدەنی زیادیکردوەو چەندین ڕوداوی جۆراوجۆر ڕویانداوەو بەرپرسانی پۆلیسیش باس لەقەبارەیەکی گەورەتری ڕوداوەکان دەکەن.

دوای دۆزینەوەی تەرمی ژنێک بەکوژراوی لەشەقامی شەست مەتری سلێمانی وتەبێژی پۆلیسی شارەکە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەهەفتەی ڕابردودا چەند ڕوداوێکی نەخوازراو ڕویداوە.

لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا لەشاری سلێمانی دوو گەنج لەڕوداوێکی شەڕە چەقۆدا کوژران‌و ژنێک بەکوژراوی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی دۆزرایەوە.

هەر لەهەمان هەفتەدا لەیاریگایەکی شاری سلێمانی لەگەڕەکی شۆڕش تەرمی کەسێک بەکوژراوی دۆزرایەوەو بکوژەکەی بەرەو بەغدا هەڵهاتوەو لەوێ دەستگیرکراوە.

دزینی ماتۆڕو کەلوپەل بەشێکی ترە لەتاوانەکان‌و سندوقی خێرخوازیی نەخۆشخانەی هیواش بەهەمانشێوە بەر لێشاوی دزین کەوت‌و تاوانبارەکانی دەستگیرکران.

لەدواین ڕوداودا کە هێرشکرایەسەر چیشتخانەیەکی دیاری شاری سلێمانی بەتوندی ئازاری خاوەنی چێشتخانەکەو بەشێک لەکاردمەندانی دراو، ئەوەی جێی سەرنج بوو ئەوەبوو ئەوکەسانەی هێرشەکەیان کردوە، جلوبەرگی سەربازی‌و چەکی فەرمیان پێبوە.

وتەبێژی پۆلیس لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئەوەی ڕاگەیاند، ڕوداوەکانی خۆکوشتن بەرێژەیەکی زۆر زیادیکردوەو ئەو زیادکردنەش وەک هەموو پارێزگاکانی تر سلێمانی گرتۆتەوە.

هەر لەچەند مانگی ڕابردودا لەقەزای چەمچەماڵ تەرمی دوو خوشک بەکوژراوی دۆزرانەوە کە گومانەکان بەو ئاراستەیەبون بەدەستی باوکیان کوژرابن، بەڵام تائێستا ڕون نەبۆتەوە ڕوداوەکە چۆن بوە.

ڕوداوەکانی شەڕکردن‌و هێرشکردنەسەر دوکان‌و فرۆشگاکان‌و دزینی کەلوپەلی دوکداندارو ماڵان لەشاری سلێمانی بەجۆرێک زیادیکردوە کە هاوڵاتیانی نیگەرانکردوەو وەک بەشێکیان دەڵێن: هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ ئەوەی بتوانیت کارێک بەئازادی بکەیت‌و کێشەت بۆ دروستنەبێت‌و بکەرانی ئەوجۆرە کارانەش بەکەسانی دەستڕۆیشتوی نێو حزب‌و حکومەت ناودەبەن.

زۆرن ئەو ڕوداوانەی هاوشێوەی کوشتنی تاریقی بەقاڵ بەتەمومژێکی زۆرەوە دۆسیەکانیان لەدادگاکانەو بەشێکیان تائێستاش یەکلایینەکراونەتەوەو بەشێکیشیان بکوژەکەیان نادیارەو هەندێكیشیان دۆسێکانیان یەکلایی بوەتەوەو بکوژان سزای خۆیان وەرگرتوە.

ئامارو داتاکانی نێو دادگاکان ئەوە دەردەخەن کە ڕۆژانە چەندین دۆسیەی تایبەت بەدەستدرێژی بۆسەر موڵک‌و ماڵی تایبەتی‌و گشتی تۆماردەکرێن‌و وەک شارەزایان‌و کەسانی بەئاگا لەڕوداوەکان دەڵێن ئەنجامدەری زۆربەی دەستدرێژیەکان بەرپرسانی سەربازیی‌و حزبی‌و حکومی یان دەستو پێوەندەکانیانن‌و یاسا بەئاسانی ناتوانێت ڕوبەڕویان ببێتەوە.

دیاردەی چەکداریی‌و هەڵگرتنی کەرەستەکانی شەڕکردن بەپێی یاسا یەکێکە لەیاساغکراوەکان‌و دەبێت حکومەت بەهەموو جۆرێک ڕێگری لێبکات، بەڵام پێچەوانەی هەموو یاسا کارپێکراوە جیهانیەکان لەچەقی بازاڕو بەشێوەیەکی ئاشکرا کڕین‌و فرۆشتن بەهەموو جۆرەکانی چەکەوە دەکرێت‌و هاوڵاتیان بەئاسانترین شێوە دەستیاندەگات بەهەرجۆرە چەک‌و کەرەستەیەکی شەڕکردن‌و پەلاماردانی بەرامبەر کە مەبەستیان بێت.

هەموو ئەم ڕوداوانە لەکاتێکدا ڕودەدەن کە هەردوو حزبی دەسەڵات لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دروشمی ئارامیی‌و حکومەتێکی بەهێزیان بەرزکردبۆوەو چاودێران پێیانوایە ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت نە ئارامییەو نە حکومەتێکی بەهێز هەیە کە بتوانێت کۆنترۆڵی ئەو ڕوداوانە بکات کە بەرپرسانی حزبەکان دەبنە هۆی ڕودانیان.