پڕۆژه‌یاسای سزادانی توركیا چاوه‌ڕوانی واژۆی دۆناڵد تره‌مپ ده‌كات

جیهان

04/12/2020‌ 1349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆنگرێسی ئەمریکا، پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی 2021ی ئامادە کرد کە لە 740ملیار دۆلار پێکھاتووە و بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا بخرێتە بەر دەستی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات، پڕۆژه‌كه‌ هاوكات سزادانی توركیاشی له‌ خۆگرتوه‌.

لە پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی ئەمریکادا بەشێکی تایبەت بە سزا خستنە سەر تورکیا ھەیە و داوا کراوە لەبەرامبەر کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-400 لە رووسیا، سزا بخرێتە سەر تورکیا، بۆ مەبەستی سزادانەکەش 12 بەند خراوەتەڕوو و داوا کراوە لایەنی کەم پێنج بەندیان جێبەجێبکرێن کە تایبەتن بە ھاوردەکردنی بەرھەمی تورکییەوە.

هاوكات لە چەند بەندێکی پڕۆژەیاساکەدا پەیوەندییەکانی نێوان سوپای رووسیا و سوپای ئەمریکا زیاتر سنووردار کراون و ھەموو کار و چالاکییەکی تایبەت بە داننان بە سەروەری رووسیا لە دورگەی قرم، قەدەغە کراون.

ھەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دژ بە رووسیا بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار ھاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکراینا دەکرێت.

پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا و کۆریای باشوور لە پڕۆژەیاساکەدا پشتگیری نەکراوە، بەڵکو کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لەو دوو وڵاتە قەدەغە کراوە.

مەرجی لابردنی ئەم سزایانەش ئەوەیە لیژنە پەیوەندیدارەکانی کۆنگرێس ئەوە پشتڕاست بکەنەوە کە لە ماوەی ساڵێکدا حکوومەتی رووسیا و کۆمپانیا رووسییەکان لە خاکی تورکیا-دا سیستمی ئێس-400 یان بەکارنەھێناوە.