بەشێک لە هێزە ئەمنیەکانى سلێمانى هەڕەشە لە چالاکوان و رێکخەری خۆپیشاندانەکان دەکەن

کوردستان

04/12/2020‌ 1075 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى هەڕەشە لە چالاکوانان و رێکخەرانى خۆپیشاندانەکان دەکەن ئەگەر درێژە بە خۆپیشاندان بدەن.

چەند رۆژێکە خۆپیشاندان مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژەکان لە شاری سلێمانى دەستیپێکردوە لەبەرامبەر نەبوون و بڕینی مووچە، بەلام لە خۆپیشاندانەکانى دوو رۆژى رابردوودا ژمارەیەک لە چالاکوان و رێکخەرى خۆپیشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى سلێمانییەوە دەستگیر کران، تائێستا بەشێک لەو دەستگیرکراوانە ئازاد نەکراون.

ژمارەیەک لەو چالاکوان و رێکخەری خۆپیشاندانەکان بۆ شارپرێس ئاشکرایان کرد کە لەلایەن بەشێک لە دەزگا ئەمنیەکانەوە هەڕەشەی جۆراو جۆریان لێکراوە ئەگەر واز لە خۆپیشاندان نەهێنن ئەوا خۆیان بەرپرسیار دەبن.

بەشێکیان باسیان لەوەشکرد کە لەلایەن هێزێکى ئەمنییەوە قسەى نەشیاویان پێوتراوەو هەڕەشەى ئەوەشیان لێکردون ئەگەر کۆتایی بەخۆپیشاندان نەهێنن ناوەکانیان دەدەنە فەرمانگەکانى حکومەت و لە کارەکانیان فەسڵ بکرێن.

ئێوارەى ئەمڕۆ ژمارەیەک لە چالاکوانان و رێکخەرى خۆپیشاندانەکانى سلێمانى ئازاد کران و تائێستا ژمارەیەکى دیکە لە زیندان ماونەتەوەو ئازاد نەکراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە شەوى رابردوو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، ئەوان پشتیوانى لە داواکارى خۆپیشاندەران دەکەن و داواشیان لێ دەکات بۆ چەند رۆژێک دان بەخۆیاندا بگرن، هاوکات جەختیشیکردەوە کە روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران بڕیار و سیاسه‌تی یه‌كێتی نه‌بووه و نابێت.

س.هـ

 

بەپەلە