حه‌شدى كوردى.. حزبه‌كانى كه‌ركوكى كۆكرده‌وه‌
"ئه‌و فه‌وجه‌ بۆ کڕین‌و فرۆشتنی ئیرادەی خەڵکه‌"

کوردستان

14/12/2020‌ 7990 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فه‌وجه‌كه‌ى حه‌شدى كوردى له‌كه‌ركوك سه‌رجه‌م حزبه‌ كوردیه‌كانى كه‌ركوكى جگه‌ له‌پارتى له‌سه‌ر مێزێك كۆكرده‌وه‌، به‌رپرسێكى كۆمه‌ڵى ئیسلامیش كه‌ به‌شداریی كۆبونه‌وه‌كه‌ى كردوه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سەرجەم حزبەکان هاوڕابوین له‌سه‌رئه‌وه‌ى هەرکەس‌و لایەنێک هەستێت بەپێکهێنانی هێزی حەشدی کوردی، ئه‌وه‌ بۆ کڕین‌و فرۆشتنی ئیرادەی خەڵکه‌".

شه‌ممه‌ى ڕابردوو له‌سنورى قه‌زاى دوبزى پارێزگاى كه‌ركوك‌و له‌كۆنگره‌یه‌كى ئاشكراى ڕۆژنامه‌وانیدا، پێكهێنانى فه‌وجێكى حه‌شدى كوردى له‌سنورى كه‌ركوك ڕاگه‌یه‌نراو له‌كۆنگره‌كه‌شدا به‌رپرسێكى حه‌شدى شه‌عبى به‌شداربوو، تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌كرا ئه‌و فه‌وجه‌ تایبه‌ته‌ به‌كوردو ژماره‌شیان زیاتره‌ له‌ 120 چه‌كدار.

ئه‌مڕۆش جگه‌ له‌پارتى، سه‌رجه‌م حزبه‌ كوردیه‌كان له‌شارى كه‌ركوك كۆبونه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت به‌ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان‌و به‌تایبه‌تیش پێكهێنانى ئه‌و فه‌وجه‌ى حه‌شدى كوردى له‌چوارچێوه‌ى حه‌شدى شه‌عبیدا.

ڕۆژێك دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌و فه‌وجه‌، كه‌مال كه‌ركوكى به‌رپرسى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى (كه‌ركوك ـ گه‌رمیان)ى پارتى، ته‌واوى ئه‌ندامانى ئه‌و فه‌وجه‌ى به‌خیانه‌تكار ناوبردو دژایه‌تى حزبه‌كه‌ى به‌توندى ڕاگه‌یاند.

ئه‌مڕۆش ڕێباز سابیر بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی ئیسلامی‌و بەشداری کۆبونەوەى حزبه‌ كوردستانیه‌كان له‌وشاره‌ ڕایگه‌یاند، "سەرجەم حزبەکان هاوڕابوین، هەرکەسولایەنێک هەستێت بەپێکهێنانی هێزی حەشدی کوردی، ئەوە بۆ کڕین‌و فرۆشتنی ئیرادەی خەڵک‌و قۆستنەوەی بێ موچەیی‌و بێکاری گەنجانە".

به‌رپرسه‌كه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بەپێویستی دەزانێت، هێزێکی هاوبەش لەسەرجەم پێکهاتەکان دروستبکرێت، وه‌كو ده‌ڵێت، ئه‌گەرهات‌و ئەمەش نەکرا، بەڕێککەوتن دوو لیوای پێشمەرگە ببرێتە کەرکوک، تا شانبەشانی هێزە عێراقیەکان، پارێزگاری لەدۆخی ئەمنی بکات.

هه‌روه‌ك به‌رپرسه‌كه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بۆ ده‌نگى ئه‌مریكا نه‌یشاردۆته‌وه‌، "هۆکاری پەیوەندیکردنی هاوڵاتیانی کورد بەحەشدی شەعبیەوە، پەیوەندی بەپەراوێزخستنی کەرکوکەوە هەیە لەلایەن هەرێمى كوردستانه‌وه‌، بەتایبەت کەرکوک تا لای هەرێم بوو، نەوتەکەی دەبرا، ئێستاش هەرێم کەرکوکی پەراوێزخستوە، بەغداش بەهۆی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان‌و فرە جەمسەری، ئاوڕ لەکەرکوک ناداتەوە".

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، جگه‌ له‌حزبه‌ كوردستانیه‌كانى كه‌ركوك، پێكهێنانى ئه‌و فه‌وجه‌ى حه‌شدى كوردى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى هێنایه‌سه‌رخه‌ت‌و شه‌وى ڕابردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندیان به‌سه‌رۆكایه‌تى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبیه‌وه‌ كردوه‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وان ڕه‌تیانكردۆته‌وه‌، هیچ هێزێكیان به‌و ناوه‌ پێكهێنابێت له‌سنورى ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان.

لاى خۆیشیه‌وه‌ ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌كه‌ركوك ڕایگه‌یاند، ئه‌وانیش وه‌كو یه‌كێتى دژى ئه‌و فه‌وجه‌ن‌و پێیانوایه‌، "دەستێکی دەرەکی هەیە، دەیەوێ ئەم بابەتە لەکەرکوک بسەپێنێت".

ش.هـ