ئیلهام ئەحمەد بۆ شارپرێس: رژێمی سوریا هەموو هەوڵێک دەدات گەمارۆ بخاتە سەر رۆژئاواى کوردستان

کوردستان

06/01/2021‌ 813 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سازدانى هێمن حەسەن
سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت، لە ساڵی نوێدا نەخشەو پلانى خۆیان هەیە بۆ پاراستنى رۆژئاواى کوردستان و رووبەروونەوەى داگیرکارییەکانى تورکیا.

ئیلهام ئەحمەد لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ "شارپرێس" ئاماژە بەوە دەکات،چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ رووسیا گرنگن هەرچەندە لەسەر هەندێک بابەت ناکۆکین، بەڵام رۆڵی روسیا لەناو سوریا گرنگە هەم لایەنێکیشە لەنێوان ئێمەو رژێمدا.

شارپرێس: سەرەتا دەمەوێت لە دۆخى شاری عین عیساو دەست پێ بکەم ئایا دۆخەکە گەیشتووە بە شەڕ لەگەڵ تورکیا؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێستا هێرش لەسەر عەین عیسا هەیە لەلایەن چەتەکانى تورکیاوە، رۆژانە گوندەکانى عەین عیسا تۆپباران دەکرێن و خەڵکى ئەو ناوچانە ئاوارە دەبن، بەڵام قەسەدە لەبەروخودانێکى مەزندا هەیە، هەرگیز رێگە داگیر کارییەکە دیکە نادرێت، دیارە کڕین و فرۆشتنێکى دیکە لەنێوان دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا هەیە سەبارەت بە عەین عیسا، بەڵام ئێمە سورین لەسەر پاراستنى گەلى خۆمان لەعین عیساو تا دوا هەناسە بەرگرى لە خاکى خۆمان دەکەین.

شارپرێس: پەیوەندیەکانتان لەئێستادا لەگەڵ روسیا چۆنەو لەچی ئاستێکدایە؟
ئیلهام ئەحمەد: پەیوەندی و کۆبوونەوەى بەردەواممان لەگەڵ لایەنى رووسی هەیە، چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵیان بەردەوامە. هەڵوێستی ئێمە بۆ چارەسەری قەیرانى سوریا دیارەو ئەوانیش دەزانن کە داواکارى و سیاسەتى ئێمە چۆنە بۆ قەیرانى سوریا، چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ رووسیا گرنگن هەرچەندە لەسەر هەندێک بابەت ناکۆکین، بەڵام رۆڵی روسیا لەناو سوریا گرنگە هەم لایەنێکیشە لەنێوان ئێمەو رژێمدا.

شارپرێس: بۆچونەکانى روسیا چۆنن لەسەر چارەنوس و داهاتووی سوریا ئایا پشتیوانى ئێوە دەکات؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێمە هەر لەسەرەتاوە هێڵی سێییەمان گرتووە و نەبووینەتە لایەنێکى یەکلاکەرەوە لەنێوان دەوڵەتانى ناو سوریا، روسیاش لەگەڵ ماف و دەستەکەوتەکانى کوردە لە چوارچێوەى سوریا، بەڵام لێرەدا جیاوازییەک لەو چوارچێوەیەى ئەوان  بۆ کوردیان دەوێت و لەگەڵ ئەو چوار چێوەیەى خۆمان داوای دەکەین و پڕۆژەمان بۆ پیشکەش کردوە جیاوازە، جا ئەگەر رووسیا پشتگیری لە پڕۆژەی خۆسەری دیموکراسی لە باکورو رۆژهەڵاتى سوریا بکات، بۆ رووسیاش باشە و بارى سەر شانى روسیا سوک دەکات، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکات هەڵەکانى رژێمى سوریا لەسەر روسیاش حسابە، ئێستا خواستى هەموو گەلانى سوریا ئەوەیە لەژێر سیستەمێکى دیموکراسى و فیدراڵیدا ژیان بکەن و لەژێر سیستەمى رژێم رزگاریان بێت، پێویستە رووسیا پشتیوانى لەم هیوایەى گەلانى سوریا بکات.

شارپرێس: گفتوگۆکانتان لەگەڵ رژێمى سوریا چی بەسەر هات ئایا هیچ لە هەڵوێستى رژێمى ئەسەد گۆڕاوە؟
ئیلهام ئەحمەد: بەداخەوە تائێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە عەقڵیەت و زهنیەتى رژێمى ئەسەد بوونى نییە، ئەم عەقلیەتەش هۆکارى قوڵبوونەوەى زیاترى کێشەکانى سوریایە، ئەگەر رژێم لەماوەى ئەو ١٠ساڵەدا عەقڵییەتی بگۆڕایە، ئێستا کیشەکانى سوریا بەو جۆرە نەدەبووتا ئیستا درێژەى نەدەکێشا، تاکە رێگەش بۆ قەیرانى ئێستای سوریا هێڵی نەتەوەی دیموکراتیە کە دیموکراتبوونی وڵات و ئازادی گەلانە.

شارپرێس: بە لێدوانەکانى بەشار ئەسەد دا دەردەکەوێت کە سوریا هەڵوێستەکانى بەرامبەر بە کورد توندتر کردوەتەوە هۆکارى ئەمە چییە؟
ئیلهام ئەحمەد: هۆکارەکەى زهنییەتى دیکتاتۆریەتى ئەسەدە، رژێمی سوریا لە رووی فیزیکی و دەروونیەوە لەناو بۆشایەکی گەورەدایە، رۆژ بە رۆژ هەڵوێستی توندتر دەبێت، هێشتا بە هەمان رەفتاری سی ساڵى رابردوو دەسەڵات بەڕێوە دەبێت، رەنگە بەشێکى پەیوەندى بە روسیاو وڵاتانى دیکەوە هەبێت، بەشێکیشى پەیوەندى بەوەوە هەیە لە گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە دەترسێت کە لە گۆڕانی بەردەوامدایە، چونکە ئەگەر ئەو گۆڕانکاریانە بەردەوام بن، دەترسێت لە دەسەڵات نەمێنێت، لە راستیدا بوونى ئەویش پەیوەندی بە هەندێ مامەڵەو بەرژەوەندییەوە بەستراوە، ئەگەرنا دەمێک بوو لە دەسەلات نەمابوو، ئێستا ئەو ترسى لەو کرانەوەو ئازادییە هەیە کە گەلانى سوریا بە هاوبەشى داوای دەکەن، ئێمە وەک باکورو رۆژهەڵاتى سوریا لەسەر داواکاری مافە دیموکراتى و ئازادییەکانى خۆمان سورین و سازشى لەسەر ناکەین، گەلی ئێمە رۆژانە خوێن بۆ ئەو ئازادییە دەڕێژێت کە داوای دەکات، نەک بۆ ئەوەى خواستەکانى ئەسەد جێبەجێ بکات، ئێمە سوریا بە موڵک و ماڵی هەموو گەلانى سوریا دەزانین ئەویش کوردو نەتەوەکانى دیکەش بە میوان دەزانێت.

شارپرێس: لەم دواییانەدا ئەسەد وتى کە رێگە بەبوونى هەسەدە نادەن خاکى سوریا داببڕێت  و بە تیرۆرستى لەقەڵەمدا لەکاتێکدا ئێوە گفتوگۆتان هەیە لەگەڵیدا ئەمە گرفت دروست ناکات؟
ئیلهام ئەحمەد: رژێمى هەموو کەسێک کە لەگەڵ ئەو نەبێت بە تیرۆرستى دەبینێت، هەر ئێمە بە تیرۆرست نابینێت، بەڵکو زۆرێک لەو لایەنانەى داواى سوریایەکى بێ ئەسەدو سوریایەکى دیموکراسى و ئازاد دەکەن بە تیرۆرستیان دەزانێت، ئەمە عەقلییەتە ناتوانێت کێشەکانى سوریا چارەسەر بکات، ئەم بیرکردنەوەیە وای لێدەکات دەبێت رۆژێک بڕوات لە دەسەڵات و کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئەو هەرچۆن بیر بکاتەوە هیچ لە داواکاری و تێکۆشانى گەلانى سوریا ناگۆڕێت بۆ ئازادی و دیموکراسى.

شارپرێس: ماوەیەک بەر لەئێستادا رژێم لەرووى کشتوکاڵى و ئابورییەوە هەندێک کێشەى بۆ رۆژئاواى  کوردستان دروستکرد ئایا ئەمەش پلانێکى نوێیە بۆ تەسلیمبوونى کورد؟
ئیلهام ئەحمەد:  بەڵێ رژێم هەموو هەولێک دەدات گەمارۆ بخاتە سەر باکورو رۆژهەڵاتى سوریا، ناوە ناوە ئەو گرفتە بۆ جوتیارەکانمان دروست دەکات، یان رێگرى لە گەیشتنى هاوکارییەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەگرێت، رژێم نایەوێت هیچ هاوکارییەک بگاتە دەستى ئیدارەى خۆسەر بۆ ئەوەى گەلانى ژێر دەستى ئیدارەى خۆسەر ناچار بە خۆپیشاندان و ئاڵۆزی بکات، تا پێویستیان بە رژێم بێت و دژى ئیدارەى خۆسەر هانیان بدات.

شارپرێس: ئامانجەکەى چییە؟
ئیلهام ئەحمەد:  ئامانجەکەى ئەوەیە کە بە خەڵک بڵێت من دەتوانم هەموو شتێکتان بۆ دابین بکەم، وەرنەوە ژێر دەسەڵاتى خۆمان، لەم رووەوە هەندێک ئاڵۆزی دروست بوو، بەڵام دوایی بۆیە خەڵکى ئەو ناوچانە دواتر لە سیناریۆکە تێگەیشتن، بۆیە رژێم ئامانجى ئەوەیە ناکۆکی بخاتە ناو گەلانى باکورو رۆژهەڵاتى سوریاوە.

شارپرێس: هەندێک خۆپیشاندان لە دژى ئیدارەى خۆسەر دروست بوو لەلایەن عەرەبەکانى رەقەو دێرەزوورەوە ئەمە ئامانجدار بوو یان کەمتەرخەمى ئیدارەى خۆسەرى تێدابوو؟
ئیلهام ئەحمەد:  نەخێر ئەوەش دەستى رژێمى سوریاو دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بوو، ئەوان لەدژى ئیدارەى خۆسەر و هەسەدە خەڵکیان هاندا، دواتر ئەوان لە راستییەکە تێگەیشتن، بۆمان روونکردنەوە کە دەبێت پشتیوانی لە بەڕێوەبەریی خۆسەر بکرێت و هاوکاری بکرێت، چونکە بۆ ئازادى ئەوان خوێنێکى زۆر دراوە، جگە لەوەش هیچ کەمتەرخەمییەک نەکراوە، دەکرێت هەندێ سەرنج و نیگەرانى هەبێت، بەڵام ئەوە بەو جۆرە نەبوو کە کێشە دروست بکەن، ئیدارەى خۆسەر ماوەى حەوت ساڵەى ئەوەى پێکرا بێت کردویەتى و خزمەتى مەزنى کردوە، تەنانەت هاوکارى ئەو ناوچانەش دەکات کە لەژێر دەسەلاتى رژێمدایە، ئیدارەى خۆسەر هیچ جیاوازییەکى نەکردوە لەنێوان پێکهاتەکان و خەڵکى ناوچەکاندا.

شارپرێس: بەو پێیەى تۆ بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى رۆژئاواى کوردستان بەرێوەدەبەیت و ئاگادارى کۆبوونەوەکانى جنێفی پرسى نوسینەوەى دەستوری سوریا گەیشت بەچی و پێگەى کورد چییە لەو گفتوگۆیانە؟
ئیلهام ئەحمەد: تائێستا کۆمیتەى نوسینەوەى دەستور بە هیچ نەگەیشتووە، هۆکارەکەش ئەوەیە کەنوێنەری راستەقینەى گەلانى سوریا بەشدار نین لەو گفتوگۆیانە، ئەوەى هەیە دەوڵەتانى دیکە بریار بۆ گەلى سوریا دەدەن و دەستوریان بۆ دەنوسنەوە ئایا ئەمە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت بەدڵنیاییەوە نەخێر، ئەوەى هەیە دەبێت دەوڵەتى تورک بریارى لەسەر دەدات و ڤیتۆی دەکات، لەجیاتى نوێنەرانى راستەقینەى سوریا تورکیا دەستور دەنوسێتەوەو وڵاتانى دیکەش ئەرێی دەکەن، ئەمە بێگومان ئەنجامى نابێت، هەرچییەکیش بنوسرێتەوە دانپێدراو نییەو خزمەت بە گەلانى سوریا ناکات.

شارپرێس: وەکو کورد ئامانج و پلانى ساڵى ٢٠٢١ تان چییە و چۆن ئیدارەى دۆخەکە دەکەن؟
 شارپرێس: ئێمە سیستەمێىکى خۆبەڕێوەبەریمان هەیە و ئامانج و پلانى خۆی هەیە بۆ پاراستن و ئاوەدانکردنەوەى باکورو رۆژهەڵاتى سوریا، بە پاڵ ئەوەدا ئێمە ئەرکی هەرە لە پێشینەمان پاراستنى ناوچەکانى خۆمانە لە دەست داگیرکارى تورکیاو چەتەکانى، لەمڕوەوە خەبات و تێکۆشان دەبینە قۆناغێکى تر، ئیدارەى خۆسەر رۆژانە کارى خۆى دەکات، قەسەدە ئەرکى سەربازى خۆی دەکات، پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى جیهان لە ئاستێکى باشتردان، دەبێت باشتری بکەین، خەبات و رێکخستن بەرفراوانتر بکەین، پێویستە ساڵى ٢٠٢١ دەستکەوتى گەورەتر بەدەست بێت، گەلانى باکورو رۆژهەڵاتى سوریاش پشتیوانى ئیدارەى خۆسەر بکەن، دەستکەوتنى زیاترمان دەبێت، لە هەمانکاتدا رەنگە مەترسییەکانیش زیاتر بن، بۆیە پێویستمان بە خۆپاراستنى زیاتر هەیە ئەوەش ئامانجە سەرەکییەکانمان دەبێت، پلانمان هەیە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى راستەقینەى سوریادا کار بکەین بۆ ئەوەى قەیرانى سوریا لەم ساڵدا چارەسەر بکرێت، ئێمە پێویستە بە خەباتی هاوبەشی هەموو لایەنەکانى سوریا کار بۆ چارەسەری قەیرانەکان بکەین ئەوەش گرنگترین کارى هاوبەشى ئێمە دەبێت، دەبێت ئەم ساڵ کار بکەین بۆ ئەوەى ئەو داگیرکاریانەى چەتەکان و تورکیا کۆتایییان پێ بێت، پلانى کارى زۆر لەبەرنامەى ئیدارەى خۆسەردایە، دەرفەتى باش هەیە بۆ خەبات و تێکۆشان، دەرفەتى راستکردنەوەی هەڵەکان و بەخۆداچوونەوەش هەیە.


بەپەلە