ئەگەر ترەمپ لەدەسەڵات دوور بخرێتەوە چی لەدەست دەچێت؟

مەلەفی تایبەت

12/01/2021‌ 1798 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەكە  مقومقۆ و مشتومڕێكی زۆر لە میدیاكان سەریهەڵداوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی تویتێك لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ناوئاخنی تویتەكە باس لەوە دەكات كە ئەگەر هەوڵ و كۆششەكانی لەكارخستنی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا سەركەوتووبن، ئەوا زیانێكی مادی گەورە دەكات، لە لایەكی دیكەشەوە ناتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2024 بەربژێر بكات.

پێگەی ئەلەكترۆنی كەناڵی ئاسمانی ABC7 ئەمریكی باسی لەوە كردووە كە بڵاوبوونەوەی ئەو تویتە لە هەینی ڕابردوو، جێگەی گرنگیپێدانێكی گەورەی خەڵك بووە، خاوەنی تویتەكە نووسیوویەتی ئەگەر كۆششەكانی لەكارخستنی تڕەمپ سەركەوتووبن، ئەوا تڕەمپ ئەمانەی خوارەوەی لەكیس دەچن:
یەكەم/ موچەی خانەنشینییەكەی لە كیس دەچێت كە بڕەكەی 200 هەزار دۆلارە.

دووەم/ كرێی گەشت و گەڕانی لە دەست دەچێت كە بڕەكەی ملیۆنێك دۆلاری ساڵانەیە.

سێیەم/ تا ماوە بێبەش دەبێت لە سوودمەندبوون لە خزمەتگوزاری نێهنی كە پێشكەشی سەرۆكەكانی ئەمریكا دەكرێت.

چوارەم/ ناتوانی خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكای ساڵی 2024 بەربژێر بكات.

پێگەی ئەلەكترۆنی كەناڵە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە ناوەرۆكی ئەو تویتە زۆر وورد و ڕاست و دروست نییە، چونكە بە لەكارخستنی سەرۆك موچە خانەنشینییەكەی لەدەست ناچێت، تەنها مەگەر ئەنجومەنی نوێنەران لێپرسینەوەی لێ بكات و دۆسییەكەی ڕەوانەی ئەنجومەنی پیران بكات و لەوێش لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە، بۆیە بەدەر لەو میكانیزمە، تڕەمپ لە زیدە مافەكانی بێ بەش نابێت.

پێگە ئەلەكترۆنییەكە باسی لەوەش كردووە ئەو سەرۆكانەی تا كۆتایی ژیانیان سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزاری نهێنی حكومەتی ئەمریكا، بڕی ملیۆنێك دۆلاری ساڵانەیان پێ نادرێت بۆ گەشتكردن.

پێگە ئەلەكترۆنییەكە دەڵێت پرسی ئەگەری بێبەشبوونی ترەمپ لە خزمەتگوزاری نهێنی حكومەتی ئەمریكا، تەنانەت ئەگەر ئەو بڕیارە لە لایەن ئەنجومەنی پیرانیشەوە بدرێت، ئەگەرێكی لێڵاوی و ناڕۆشنەو تەواو ڕوون و ئاشكرا نییە.

پێگە ئەلەكترۆنییەكە جەختی لەوەش كردۆتەوە كە هەتا ئەگەر ئەنجومەنی پیران دەنگ بۆ لەكارخستنی تڕەمپیش بدات، هێشتا لەكارخستنەكە ڕێگری لێ ناكات كە خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2024 ی وڵاتەكەی بەربژێر بكات، بەڵكو دەبێت لە دوا لەكارخستنەكەی لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئەنجومەنی پیران هەمیسان لێپرسینەوەی لێ بكات و دووبارە دەنگ لەسەر ئەوەش بدات كە تڕەمپ بۆی نییە خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكیە ئایندە بپاڵێوێت.

پێگەی ئەلەكترۆنی: RT
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر