شارپرێس:
هاوپه‌یمانێتى شیعه‌كان‌و ترسى به‌هه‌رێمكردنى سلێمانى‌و دروستبونى هاوپه‌یمانیه‌كى كوردى نوێ له‌به‌غدا تر‌ى لاى پارتى دروستكردوه‌و مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى ئه‌و حزبه‌ش بڕیارى پێكهێنانى دوو شاندى باڵا ده‌دات بۆ كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردستانى‌و عێراقیه‌كان، چاودێرانى سیاسیش پێیانوایه، هه‌ركاتێك پارتى ته‌نگاو بوو، په‌ناده‌باته به‌ر كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌و داواى یه‌كهه‌ڵوێستیان لێده‌كات به‌رامبه‌ر به‌غداو هه‌ركاتێكیش پێویستى به‌لایه‌نه‌كان نه‌بوو، ئه‌وا په‌راوێزو پشتگوێ‌یان ده‌خات.
به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى شارپرێس، له‌دواى كۆبونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیمو‌كراتى كوردستاندا، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى بڕیارى پێكهێنانى دوو شاندى باڵا ده‌دات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌كان له‌عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان، ئێستاش ئه‌و شانده گه‌ڕى سه‌ردانه‌كانیان ده‌ستپێكردوه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه ڕۆژى 8ى 12ى 2020 هه‌رسێ لایه‌نی پێکهێنەری حکومەت پارتی یەکێتی‌و گۆڕان له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆبونه‌وه‌و بڕیاریاندا شاندێکی سیاسی پێكهاتوو له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداو نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكایه‌تى بكات.
به‌ڵام هه‌رئه‌وكات‌و دواى كۆبونه‌وه‌كه، بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى هه‌وڵه‌كانى له‌برى پارتى ده‌ستپێكرد بۆ ڕازیكردنى لایه‌نه‌كان تاوه‌كو به‌شداریی له‌شانده سیاسییه‌كه‌دا بكه‌ن به‌سه‌رۆكایه‌تى بارزانى، به‌ڵام له‌یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ عه‌لى باپیر ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى نه‌یتوانى سه‌ركه‌وتوبێت‌و ئه‌میرى كۆمه‌ڵ ڕه‌تیكرده‌وه، به‌شداریی شانده‌كه بكات.
له‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، دواى كۆبونه‌كه‌ى ڕۆژى 8ى 12ى 2020 هه‌رسێ لایه‌نی پێکهێنەری حکومەت پارتی یەکێتی‌و گۆڕان له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌یام ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كرا، به‌ڵام به‌شێكیان بێ وه‌ڵام بون‌و به‌شێكیشیان ڕه‌تیانكرده‌وه به‌شداریی بكه‌ن.
چاودێرانى سیاسیی پێیانوایه، ئێستا دۆخه‌كه گۆڕانكاریی به‌سه‌رداهاتوه، له‌لایه‌ن پارتى دڵنیایه له‌وه‌ى به‌بێ پارتى هیچ بڕیارێك له‌باره‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه جێبه‌جێناكرێت‌و شیعه‌كانیش سه‌رقاڵى هاوپه‌یمانێتین‌و له‌ناوخۆش هه‌وڵه‌كان بۆ به‌هه‌رێمكردنى سلێمانى ده‌ستى پێكردوه، ئه‌مانه ترسى گه‌وره‌ن لاى پارتى كه ئه‌و باڵاده‌ستیه له‌هه‌رێم له‌ده‌ستبدات، بۆیه ده‌یه‌وێت ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌ى دروستبوه له‌نێوان خۆیی‌و حزبه‌كانى دیكه‌دا بیتوێنێته‌وه‌و لایه‌نه‌كان ئاسایی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پارتى بكه‌ن له‌هه‌رێمى كوردستان‌و هه‌میش له‌عێراق.
له‌لایه‌كى تریشه‌وه پارتى ده‌یه‌وێت له‌ڕویه‌كى تریشه‌وه به‌رامبه‌ر به‌غدا باڵاى ده‌ستى خۆى نیشانبدات‌و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى بۆ ئه‌وه‌یه سه‌رۆكى شانده‌كه پارتى بێت‌و له‌ناو پارتیش نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى بێت، بۆ ئه‌وه‌ش داواى له‌شانده‌كه‌ى كردوه كه ئێستا له‌به‌غدا به‌رچاو ڕوونى ته‌واو بهێننه‌وه، چونكه بڕیاریانداوه به‌بێ به‌رچاوڕونى هیچ سه‌رۆكى شاندێكى سیاسیی پارتى نابێت.
عه‌لى حوسێن به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه نیشتیمانیه‌كانى پارتى ئاشكرایكرد، "سه‌ردانمان بۆلاى لایه‌نه‌كان زه‌مینه‌سازیه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین شاندێكى باڵاى سیاسیی پێكبهێنین‌و سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ین".
گه‌ڕى سه‌ردانه‌كانى پارتى له‌هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌تا بۆلاى یه‌كگرتوى ئیسلامى كوردستان بوو كه ڕۆژى 12ى ئه‌م مانگه بوو، ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌حزبى شیوعى كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كۆده‌بنه‌وه.
شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه، سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ش پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌و ڕۆژانى دواتریش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵى ئیسلامى‌و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش واته هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌شى كورسیان له‌په‌رله‌مانى كوردستان هه‌یه‌و نیانه له‌هه‌رێمى كوردستان كۆده‌بینه‌وه.
چاودێرانیش پێیانوایه، هه‌ركاتێك پارتى ته‌نگاو بوو، په‌ناده‌باته به‌ر كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌و داواى یه‌كهه‌ڵوێستیان لێده‌كات به‌رامبه‌ر به‌غداو هه‌ركاتێكیش پێویستى به‌لایه‌نه‌كان نه‌بوو، ئه‌وا په‌راوێزو پشتگوێ‌یان ده‌خات.
به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه نیشتیمانیه‌كانى پارتى باس له‌وه‌ده‌كات، "جگه له‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له‌حكومه‌ت به‌رپرسیارێتى هه‌رێمى كوردستان‌مان له‌سه‌ره، هاوكات له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش به‌رپرسیارێتیمان هه‌یه له‌باره‌ى ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاى كوردستان‌و عێراقه‌وه، پارتى حزبێكه خاوه‌نى 75 ساڵ ته‌مه‌نه، به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و حزبانه‌ى كه ته‌مه‌نیان ده‌گاته 70 ساڵ‌و 80 لاوازده‌بن، پارتى له‌وپه‌ڕى به‌هێزیا داواى یه‌كڕیزى لایه‌نه‌كان ده‌كات".
به‌بڕواى چاودێران، تائێستا له‌هه‌رێمى كوردستان ئه‌و كۆده‌نگیه دروستنه‌بوه به‌رامبه‌ر به‌غدا ئه‌وه‌ى پارتى‌و یه‌كێتى هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ن، بۆیه پێیانوایه وه‌كو چۆن سه‌ردانى پێشترى یه‌كێتى هیچ ئاكامێكى لێنه‌كه‌وته‌وه، هه‌وڵه‌كه‌ى پارتیش بۆ ئه‌و یه‌كڕیزیه هه‌ر به‌هه‌مان ده‌رد ده‌چێت.
ش.هـ