سەركردایەتی یەكێتی: دەبێ یەكێتی ڕۆڵی سەرەكی بگێڕێ لە چارەسەری كێشەكان

کوردستان

16/01/2021‌ 1319 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
‎سەركردایەتی یەكێتی لە هەولێر كۆبووەوە و رایگه‌یاند  دەبێ یەكێتی ڕۆڵی سەرەكی بگێڕێ لە چارەسەری كێشەكان و یەكلاكردنەوەی قەیرانەكان.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ‎سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٦/١/٢٠٢١ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی  لەشاری هەولێر، بەئامادەبوونی كارگێڕ و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی سنووری پارێزگای هەولێر كۆبووەوە، ‎گفتوگۆ كرا لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییەكان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، جەخت لەگرنگی ڕۆڵی یەكێتی كرایەوەو ئامادەبووان هاوڕابوون كە دەبێ یەكێتی ڕۆڵی سەرەكی بگێڕێ لە چارەسەری كێشەكان و یەكلاكردنەوەی قەیرانەكان.

باس له‌وه‌شكراوه‌، ‎بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تەرخان كرا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی هەولێرو هەوڵەكانی یەكێتی بۆ خزمەتكردن لەو شارە، جەخت لەوەكرایەوە كە دەبێ بەبێ جیاوازی بیروڕای سیاسی و ئایدۆلۆژی خزمەتی هەولێرو هەولێرییەكان بكرێ.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ‎پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، چارەسەری كێشەی مووچەو دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاونیشتمانیان لەلایەن حكومەت تەوەری گرنگی كۆبوونەوەكە بوون و گفتوگۆی وردو جدیان لەبارەوە كرا.