سەرەڕای قەیرانی دارایی عێراق بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە

عیراق

26/01/2021‌ 366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ دوو مانگی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوەو هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو خۆى لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نەوتیی "ئۆپیک پڵەس" نەدزێتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی عێراق خۆی بەدەست قەیرانێکی دارایی قوڵەوە دەناڵێنێت.

ئاژانسەکە کە پشتی بەلێدوانی بەرپرسانی کۆمپانیای نیشتیمانی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەستوە کە دوەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ناو ڕێکخراوی ئۆپیکە، عێراق نیازی هەیە لەماوەی دوو مانگی داهاتودا 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت کە لەمانگی دیسەمبەری ڕابردوو ئاستی بەرهەمهێنانەکەی 3.85 ملیۆن بەرمیل بوو.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی بەیاننامەیەکی ڕەسمی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سومۆ)، ساڵی ڕابردوو عێراق بەبەهای 41 ملیارو 755 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتوە، بەشێوەیەک مانگانە 3 , 479 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتوە.

ئاژانسە ئەمریکییەکە دەڵێت:"سەرەڕای ئەو داهاتە گەورەی فرۆشتنی نەوت، بەڵام نزیکەی 10 ملیۆن عێراقی کە دەکاتە چارەگێکی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لەکاتێکدا بەشی هەرە زۆری عێراقییەکان بەدەست نەبونی خزمەتگوزارییە (تەندروستی، یەکەی نیشتەجێبون، فێرکردن، کارەباو ئاوی پاک)ەوە دەناڵێنن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی