لێکۆڵینەوەیەکی نوێ: ئافرەتانی دووگیان زیاتر توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن

تەندروستی

23/02/2021‌ 174 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئەمریکی ئاشکرایکردوە، ئافرەتانی دووگیان بەراورد بەکەسانی ئاسایی زیاتر ئەگەری توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ "کۆڤید-١٩"یان هەیە.


بەگوێرەی پێگەی "EurekAlert"، لێکۆڵینەوەکە کە لەویلایەتی واشنتۆنی ئەمریکا کراوە دەڵێت:"تێکڕای توشبونی ئافرەتانی دووگیان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەویلایەتەکەدا لە70% بەرزتربوە لەئافرەتانی تری ویلایەتەکە کە لەهەمان تەمەنیشدا بون.

د.کریستینا ئادامز واڵدرۆڤ، پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنان‌و لەدایکبون لەکۆێژی پزیشکیی زانکۆی واشنتۆن دەڵێت:"لێکۆڵینەوەکە بەڵگەی زیاتری بەردەستخستوە لەسەرئەوەی کە ئافرەتانی دووگیان دەبێت وەک ئەو چینانە هەژماربکرێن کە مەترسیی تەندروستییان لەسەرە، بۆیە دەبێت لەپێدانی ڤاکسیندا پێشبخرێن".

لێکۆڵینەوەکە بۆی دەرکەوتوە، ئافرەتانی دووگیان بەتێکڕایی ٣،٥ ئەوەندەی کەسانی ئاسایی واشنتۆن زیاتر بەهۆی توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنا داخڵی نەخۆشخانە کراون، جگەلەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەناو ئافرەتانی دووگیان ١٣ ئەوەندەی ئافرەتانی تری هەمان چینی تەمەنیان بوە.

لێکۆڵینەوەکە تێبینی ئەوەشیکردوە، بەشی زۆری ئەو ئافرەتانە دووگیانانەی توشی ڤایرۆسەکە دەبن، نیشانەی سوکی نەخۆشییەکەیان هەیە یاخود هیچ نیشانەیەکیان لەسەر دەرناکەوێت‌و دۆخی سکەکەشیان تەندروست‌و ئاساییە.

لەوبارەیەوە د.ئیریکا لۆکین ئامادەکاری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"ڕەنگە ڕێژەی توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنا لای ئافرەتانی دووگیان بەرزبێت، ئەویش بەهۆی بەشداری ئافرەتان لەزۆر لەو پیشەو پیشەسازیانەی لەماوەی قەیرانی کۆرۆنادا بەگرنگ دادەنرێن، لەوانە کەرتی چاودێری تەندروستیی‌و فێرکردن‌و کارتە خزمەتگوزارییەکان".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی