سێ رێکخراوی نێودەوڵەتى لەسەر سزادراوانى بادینان پەیامێک ئاڕاستەى دەسەڵاتدارانى هەرێم دەکەن

کوردستان

25/02/2021‌ 996 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سێ رێكخراوی نێودەوڵەتی لە بواری گەشەپێدانی میدیادا، نیگەرانی خۆیان نیشاندەدەن لە بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر بۆ سزادانی ژمارەیەك رۆژنامەنوس و چالاكوانانی مەدەنی بە زیندانیكردنیان بۆ ماوەی شەش ساڵ و داواش لە لێپرسراوانی كورد دەكەن بڕیاری پشتگیریكردنی رۆڵی گرنگی رۆژنامەنوسان بدەن.

لە بەیاننامەیەکدا هەرسێ رێخراوى نێودەوڵەتى (رێكخراوی رۆژنامەوانی ئازادی بێسنور،رێكخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەڵەتی،راگەیاندن لە هەماهەنگیی و گواستنەوە) لەبارەى دەستگیرکراوانى بادینان،  رێكخراوەكانی گەشەپێدانی میدیای نێودەوڵەتی، نیگەرانی قوڵی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەوەی هەڕەشەی سەر ئازادی رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستانی عیراق لە هەڵکشاندایە.  

لەبەیاننامەیەکەیاندا ئەو رێکخراوانە رایانگەیاندوە، بڕیاری دادگا لە 16ی شوباتی 2021 بەزیندانیكردنی ژمارەیەك رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی بۆ ماوەی شەش ساڵ بەتۆمەتی زیانگەیاندن بەئاسایشی نەتەوەیی، نیگەرانییەكی گەورەی لێكەوتەوە سەبارەت بەو پانتاییه‌ فەراهەمكراوه‌ی بۆ گفتوگۆی گشتی لە هەرێمی كوردستانی عیراقدا هه‌یه‌.

هەروەها روونیشیانکردوەتەوە، وەك رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی گەشەپێدانی میدیایی كه‌ كاردەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی رۆژنامەگەریی باش لە هەرێمی كوردستانی عیراق، نیگەرانی خۆیان له‌ پێشهاته‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌رده‌بڕن. رۆژنامەگەریی سەربەخۆ بەشداری لە گفتوگۆی گشتیی بونیاتنەردا ده‌كات.

هاوكات لە بەیاننامەیەکدا ئەوەش هاتووە" ژمارەیه‌ك رۆژنامەنوسی ناوخۆ ترسی خۆیان نیشانداوە لەوەی ئەم بڕیارەی دادگا كاریگەری لەسەر كاری رۆژنامەنوسان دەبێت لە داهاتوودا، "ئامانجی پشت بڕیارەكە بە تەنیا سزادانی ئەو پێنج كەسە نییە، بەڵكو پەیامێكە بۆ هەموو رۆژنامەنوسان و چالاكوانان کە لەمەودوا لەسەر نوسینی كۆمێنتێک یان پۆستێکی فەیسبوك یان دەربڕینی بۆچونێك راپێچی دادگا دەكرێن"، (مەعاز فەرحان، رۆژنامەنوسی سەربەخۆ)".

هەروەها ئەو رێکخراوانە جەختیان لەوە کردوەتەوە، رێزگرتن لە سەروەری یاسا و مافی ئازادی رادەربڕینی هاوڵاتیان له‌ خه‌سڵه‌ته‌ گرنگه‌كانی وڵاتە گەش و زیندووەكانن. گفتوگۆیی گشتیی کراوە، کە تیایدا بیروڕای بە بەها ئاڵوگۆڕ دەكرێت بێ لەترسی سەركوتكاری له‌ ئاماژەکانی حكومەتە بەهێز و تەندروستەکانە.

ئەوەش روونکراوەتەوە کە زیادەڕۆییکردن لە بەکارهێنانی دەسەڵاتە یاساییەكان دەبێتە هۆی کەمبونەوەی خواستی خەڵك بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆی گشتییدا كە بۆ بەدیهێنانی یەكگرتویی، ئاشتی و سەقامگیری گرنگە. به‌وته‌ی ئاسۆس هەردی، نوسەر و رۆژنامەنوس "كوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم چركەساتێكی چارەنوسسازدایە و لەهەمووكات زیاتر پێویستی بەپشتیوانی ئازادیخوازانی جیهانه‌".

رێکخراوەکان داواشیان کردوە دەسەڵاتدارانی كورد بڕیاری پشتگیریكردنی رۆڵی گرنگی رۆژنامەنوسان بدەن تا لەم ساتە گرنگەدا بتوانن بەشداریبکەن لەكۆمەڵگەی هەرێمی كوردستانی عیراقدا.
س.هـ

بەپەلە