محەمەد حاجی مەحمود: ئەگەر رێکەوتن نەکرا پێویستە هەرێم کارتەکانى بەرامبەر بەغدا بەکاربهێنێت

کوردستان

01/03/2021‌ 1097 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هەرێم و بەغدا قەت رێكناكەون و لە ئەگەری رێكنەكەوتنیشدا دەبێت هەرێم كارتەكانی بەكاربێنێت بەرامبەر بە بەغدا.

محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، دەبێت حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بگەن بە رێككەوتن و ئومێددەكەین بگەن بە رێككەوتن، بەڵام پێش رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەبێت هەرێمی كوردستان نێوماڵی خۆی رێكبخاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرێم و بەغدا قەت رێكناكەون، ئەو رێككەوتنانەیشی دەكرێت بۆ شەش مانگ و ساڵێك و دوو ساڵە، نە ئەوەی بەغدا دەیانەوێت هەرێم دەیکات نە ئەوەی هەرێمیش دەیڵێت بەغدا دەیکات، دەشڵێت" لەبەرئەوەی ئەوان وەزعیان لە ئێمە خراپترە، بۆیە هەرێم و بەغدا قەت رێكناكەون".

سكرتێری حزبی سۆسیالست باسی لەوەشکرد، لە ئەگەری رێكنەكەوتندا وتی، هەرێم كارتی بە هێزی هەیە بەرامبەر بە بەغدا وەك كشانەوە لە بەغدا بەیەكجاری و گرتنەوەی ئاوی بەنداوەكان و دەركردنی ئەو دوو ملیۆن ئاوارەی لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دەیان كارتی فشارى دیکە و كارتی ریفراندۆمیش هەیە.

سەبارەت بە بەشداری حزبەكەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دا ناویراو ئەوەى خستەڕوو، ئەگەر هاوپەیمانی هەبێت دەرگایان كراوەیە، ئەگەر هاوپەیمانیش نەبێت خۆیان بە یەك لیست بەشدارى دەکەن.

س.چ

 

بەپەلە