ڕونکردنەوەیەک لەوەزارەتی دارایی‌و ئابوریەوە

کوردستان

02/03/2021‌ 1998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى دارایی‌و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم په‌یامێك ئاراسته‌ى دادگاكانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پابه‌ندى تەواومان بۆ ئیجرائات‌و فەرمان‌و بڕیارەکانی دادگاکان هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئەرک‌و بەرپرسیارێتی بەرپرس‌و کارمەندانمان‌و ماندوبون‌و دڵسۆزیان لەچوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت".

وه‌زاره‌تى دارایی له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌یدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌بڕیارێكى دادگا له‌سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان سه‌باره‌ت به‌ژماره‌یه‌ك به‌رپرس‌و كارمه‌ندى دەروازەی پەروێزخان‌و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاندوه‌، "دوابەدوای ڕونکردنەوەمان لەبەرواری (2021/2/11) تایبەت بە پرسی ئەو دۆسیەیەی کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان‌و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم جوڵاندبوی، بەپێویستی دەزانین کە ڕونکردنەوە و زانیاری زیاتر بخەینەڕوو".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌:"ئاماژە بەبڕیاری دادگای تاوانی کەرکوک / گەرمیان (بەسیفەتی تەمییزی) بەژمارە (14/ت/2021) لەبەرواری (2021/2/9) تایبەت بەوردبنیکردن‌و پێداچونەوە بەدۆسیەی ئاماژەپێکراوی سەرەوە بڕیاری لەبەرژەوەندی وەزارەت دەرکرد بەهەڵوەشاندنەوەی (نقص)ی گشت بڕیارەکانی گرتن دەرهەق بەفەرمانبەرانی وەزارەتمان، لەکاتێکدا بابەتی ئەو دۆسیەیە تەنها جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەتمان بوو، بەپێی ڕێنماییەکان لەدەروازەی پەروێزخان بەئەنجامگەیەندراوە".

وه‌زاره‌تى دارایی جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "ئێمە لەکاتێکداو لەسۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە پابەندبونی تەواو بۆ ئیجرائات‌و فەرمان‌و بڕیارەکانی دادگاکان دەردەبڕین‌و هاوکارو هەماهەنگ دەبین بۆ سەروەری یاساو جێبەجێکردنی دادپەروەری، لەهەمانکاتدا داوا لەدادگاکان‌و دادوەرە بەڕێزەکان دەکەین کە ئەرک‌و بەرپرسیارێتی بەرپرس‌و کارمەندانمان‌و ماندوبون‌و دڵسۆزیان لەچوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت".