مەسرور بارزانی ئەو کەس و گروپانە ئاشکرا دەکات کە ڤاکسینیان پێ دەدرێت

کوردستان

02/03/2021‌ 993 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەیشتنی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، كار لەسەر ئەوە دەكەین هەموو كەسێك بە زوترین كات ڤاكسینی پێ بگات.

لە پەیامەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دا هاتووە، خۆشحاڵم به‌ گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژ به‌ ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ هه‌رێمی كوردستان، کە لە لایەن وڵاتی چینەوە بەخشراوە، هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ هەوڵەکانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌مان دژ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ و پاراستننی پزیشكان و كارمه‌ندانی هێڵی پێشه‌وه
ئاماژەی بەوەشكردوە، ‎پاش په‌سه‌ندكردنی پلانی دابه‌شكردن، ڤاكسینه‌كان بۆ سه‌نته‌رەکانی دیاریكراو له‌ هەموو پارێزگاکان، دابین ده‌كرێت تاکو بدرێ به‌و گرووپانەی له‌ هێڵی پێشەوەن و مەترسییان لەسەرە.

سەرۆكی حكومەت جەختدەكاتەوە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ، کار ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڤاكسین و دڵنیابوون لە دابینکردنی بەشی هەرێم لەو بڕە ڤاکسینەی بە حکومەتی فیدراڵ دەدرێت، جگەلەوەش لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین، ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.

بارزانى روونیكردووەتەوە،  بەجیددی کار لە سەر ئەم بابەتە دەکەم و بەدواداچوون ده‌كه‌م بۆ دڵنیابوون لەوەی، هەر کوردستانییەک بە زووترین کات ڤاكسینی پێ بگات، ‎بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام ده‌بێت ڤاكسین بۆ زیاتر له‌ 6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكه‌ین.

 لە كۆتای پەیامەكەیدا باسی لەوەكردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا كار له‌ سه‌ر ئەنجامدانی بەرنامەیەکی کوتانی گشتگیر بۆ دانیشتووانی هەرێم دەکات، كه‌ تیمی ته‌ندروستی و کارمەندانی هێڵی پێشه‌وه‌ی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان هەیە دەگرێتەوە. پاشان كوتانی زۆرترین ڕێژه‌ی هاووڵاتیان به‌پێی ته‌مه‌ن و ڕێنماییە دیاریکراوەکان دەست پێ دەکات .