تورکیا دەیەوێت لەناو خاکی هەرێم ناوچەی ئارام دروستبکات

کوردستان

04/03/2021‌ 1249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تورکیا دەیەوێت هاوشێوەی سوریا ناوچەیەکی ئارام لەهەرێمی کوردستانیش دروستبکات، بۆئەوەش کوژرانی ١٣ سەربازەکەی تورکیای لەشەڕی گارە دەکاتە پاساو بۆ جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژییەتە.


بەگوێرەی ڕاپۆتێکی پێگەی "ئاسیا تایمز"و له‌به‌شێكى ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "ئەگەر دروستکردنی ناوچەی ئارام لەسوریا لەلایەن تورکیاوە تاڕادەیەک ئاسایی بێت، ئەویش لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە بەهۆی جەنگەوە لەبەریەک هەڵوەشاوەو هەروەک خودی ڕژێمی سوریاش لەئێستادا کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەڕێگای هێزەوە زۆر بەگرنگییەوە وەرنەگرتوە، بەڵام فراوانکردنی ئەو ناوچە ئارامە بەرەو  خاکی عێراق تاڕادەیەکی زۆر جێگای مشتومڕەو بەئاسانی جێبەجێنابێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەردۆغان دەیەوێت ئەو ستراتیژییەتەی لەسوریای جێبەجێی  کرد لەعێراقیش جێبەجێی بکات‌و ناوی ناوچەی ئارامی باکوری عێراقی لێبنێت، بەشێوەیەک بەشێک لەبەرپرسانی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا دەڵێن: ڕوداوەکەی گارە بیرۆکەی ناوچەی ئارامی لەسەر سنوری نێوان عێراق‌و تورکیا لای ئەوان بەهێزکردوە.

بەرپرسانی ئاکەپە دەڵێن:"دوای دروستکردنی ناوچە ئارامەکە، لەناوچەکەدا دەمێنینەوەو پارێزگاریی لێدەکەین‌و ڕێگەنادەین لەعێراقەوە هێرشبکرێتەسەرمان".

ئاسیا تایمز ئه‌وه‌شى بڵاوكردۆته‌وه‌، "دروستکردنی ناوچەی ئارامی هاوشێوەی باکوری سوریا لەهەرێمی کوردستان بێ هەماهەنگییکردن لەگەڵ عێراق، زیاتر گرژیی به‌دواى خۆیدا دێنێت، ئەویش لەبەرئەوەی داگیرکردنی بەشێک لەخاکی عێراق ململانێ‌و ناکۆکی گەورەی لێدەکەوێتەوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی