ئەمریکا: دوای هەڵسەنگاندن بۆ هێرشەکە شێوازی وەڵامدانەوە دەستنیشاندەکەین

عیراق

04/03/2021‌ 935 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای هێرشە موشەکییەکەی دوێنێ چوارشەممە بۆسەر بنکەی سەربازیی "عەین ئەسەد" لەئەنبار کە بوە هۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشكرایكرد، واشنتۆن سڵ لەوەناکاتەوە کە لەدوای تەوابونی لێکۆڵینەوەکان وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.


جۆن کێربی ڕاشیگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق خەریکی لێکۆڵینەوەن ئەو لایەنە ئاشکرابکەن کە لەپشت ئەنجامدانی هێرشەکەوەیە، بەڵام وتى:"هێشتا ناتوانین ئەو لایەنە دەستنیشانبکەین کە هێرشەکەی ئەنجامداوە".

وتەبێژی پنتاگۆن ئاشکراشیکرد، "سیستەمی بەرگری ئاسمانی بنکەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە بەکارهێنراوە".

لەلایەکی ترەوە، کۆشکی سپی ڕاشیگەیاند، هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی هێرشە موشەکییەکەی ئەمدواییەی عێراق دەکەن، بەشێوەیەک ئەگەر هەڵسەنگاندنەکان پێویستی وەڵامدانەوە بسەلمێنن، ئەوە لەوبارەیەوە سوپای ئەمریکا دەست بەجوڵە دەکەن.

دوای گورزە ئاسمانییەکەی هەفتەی ڕابردوی ئەمریکا بۆسەر گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لەناو خاکی سوریا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆک جۆ بایدن سورە لەسەرئەوەی کەی پێویستبکات لەپێناو پاراستنی گیانی ئەمریکییەکان دەست بەجوڵە بکات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی