كازمى داواى كۆتاییهاتنى كێشه‌كانى هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كات

کوردستان

08/03/2021‌ 1100 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌په‌یامێكدا كه‌ تایبه‌تبوو به‌كۆتاییهاتنى ‌سه‌ردانى پاپا ف‌ره‌نسیس پاپاى ڤاتیكان، ڕایگه‌یاند، "داوا لەتەواوی لایەنە سیاسیەکان دەکەم بۆ گفتوگۆیەکی نیشتیمانی ستراتیژی بۆچارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبوەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا".


دواى ئه‌وه‌ى پاپاى ڤاتیكان سه‌ردانى عێراق‌و هه‌رێمى كوردستانى كردو ماوه‌ى سێ ڕۆژ مایه‌وه‌و ئه‌مڕۆ كاتژمێر 9:30 به‌غداى به‌جێهێشت‌و گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ره‌و ڕۆما، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و سوپاسى سه‌رجه‌م عێراقیه‌كانى كرد بۆ پێشوازى له‌پاپاى ڤاتیكان.

كازمى له‌په‌یامه‌كه‌یدا داواى له‌سه‌رجه‌م به‌رپرس‌و لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان كرد گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ده‌ستپێبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رچى زوه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان تێپه‌ڕێندرێت، ئه‌وه‌شى وت:"داوا لەتەواوی لایەنە سیاسیەکان دەکەم بۆ گفتوگۆیەکی نیشتیمانی ستراتیژی بۆچارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبوەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا".

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق زیاتر وتى:"حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى وڵاته‌كه‌م داواى گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆتان لێده‌كه‌م، ئێمه‌ ڕێكه‌وتنمان كردوه‌ بۆ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌موو هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌كان، به‌ڵام میكانیزمى خۆى هه‌یه‌و ده‌بێت ئاگادارى په‌یوه‌ندیه‌كانمان بین له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش".