دەرەتانێك بۆکورد، ئاراستەکانی لایەنە شیعیەکانی عێـــراق

مەلەفی تایبەت

07/04/2021‌ 3776 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  شارپرێس:

 د. شوان عوسمان

 ڕاپەڕینی تشرین

ـ شۆڕشی تشرین شۆڕشی گەنجانی زۆرینەی شیعە ـ لە شارە  شیعیەکانی ناوەڕاست وباشووری عێراق و سووتان و تاڵانکردنی بارەگای زۆرینەی حزب و لایەن و ڕەوتەکانی شیعە بەبێ جیاوازی لەلایەن گەنجانی ناڕازی شیعە بەدەرەجەی یەکەم ، تەنانەت مەزاری پیاوانی سیاسی وئاینی کۆچکردووشی لێ بەدەرنەبوو ، ئەمەش ڕادە وئاستی بێزاری گەنجان بەتایبەتی و کۆی دانیشتوانی ئەم شاروشارۆچکانە دەخاتە ڕوو ، تەنانەت کاتێ هێزە چەکدارەکانی ئەم حزب ولایەن و ڕەوتە شیعیانە بەچەک وبەشێوەێکی زۆر دڕندانە بەرەنگاریان بوونەوەو سەدانیان شەهیکردن کەچی ئەم کاردانەوەیە تووندەیان زێتر سووریکردن تا گۆڕینی حکومەت نەوەستان ، بەڵام گۆڕینی حکومەتیش هیچی لەدۆخەکە نەگۆڕی ، چونکە سیستمەکە نەگۆڕاوە بۆیە گۆڕینی دەموچاوی سەرۆک و وەزیرەکان هیچ لەجەوهەری مەسەلە بنچینەیەکاندا ناگۆڕی وناگۆڕێ .

ئاراستە سیاسیەکانی حزب ولایەنەکانی شیعە لەعێراق بەگشتی و لەناوچەکانی خۆیان بەتایبەتی هۆکاری سەرەکی ناڕەزایی بوو ، بەتایبەتی لە دەوڵەتداری و شێوازی  حوکمڕانی و پێشکەشنەکردنی کەمترین ئاستی خزمەتگوزاری ونەبوونی هەلی کاربۆدانیشتوان بەگشتی و بۆگەنجان بەتایبەتی ، سەرەڕایی ئەوەی هەموو خۆپێشاندان و قوربانیەکانیان هیچی لەسیستمی سیاسی لەعێراق نەگۆڕی وبە‌ێچەوانەوە لایەنە سیاسیەکانی شیعە زێتر قوڕەکەیان خەستترکردەوە و بەهەموو شێوەیەک لەهەوڵی دۆزینەوەو پیادەکردنی شێوازەکانی کپکردن و زاڵبوون بوون و توانیان تاڕادەێکی زۆر لەم مەرامەیان بەشێوەێکی کاتی سەرکەوتووبن ، چونکە سەدان هەزار گەنجی ناڕازییان لەهێزە چەکدارییە جیاوازەکانیان دامەزراند و بەشێکی کەمیشیان لەدامودەزگاکانی تری حکومەت دامەزراند ، بەم شێوەیەش روحی ناڕازی بوونیان نەک هەر کپکردەوە بەڵکوو لەدژی ڕەوتی ناڕەزای ئایندە بەکاریان دەهێنن و تەنانەت هەندێکیان هەر لەگۆڕەپانەکانی ناڕەزایی هێشتۆتەوە بۆ گۆڕینیی ئاراستەی هەر خۆپێشاندانێکی ناڕەزای لەدژی ڕەوتی باودا .

ئەوەی دەبینرێ ودوواتر مەزەندە دەکرێ ، نێو ماڵی شیعە لەعێراقدا دابەشبوونێکی بنچینەیی بەسەردا هاتووە کە مەترسی ڕاستەقینەی لەسەر یەکڕیزی و هاوبەشی و هاوچارەنووسی کردووە ، تەنانەت خاڵە هاوبەشەکانیشیان تاڕادەێکی زۆر لاوازبووە ، ئەمەش بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە.

 هۆکارە خۆییەکانی شیعە ..

لەدوایپڕۆسەی ئازادی عێراق و ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە بەسەرۆکایەتی ئەمریکا ، هێزە شیعیەکان نەیانتوانی بەرگەی شیرینیەکانی دەسەڵات و حوکمداری بگرن و کەلێنی زۆر گەورەیان لەنێودا دروستبوو ، نەتانەت ئینشیقاق و پەرتەوازەیی ڕووی تێکردن و شیرازەی یەک هەڵوێستی و یەک گووتارییان تاڕادەێکی زۆر نەما ، بەتایبەتی دوای شەهیدکردی محمد باقر حەکیم و دوواتریش مردنی عبدالعزیزی برای و دوواتریش لێکترازان و ئینشقاقی حزبی دەعوەو هەڵوەشانەوەی نافەرمی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ، دوواتریش دەرکەوتنی نەوەی دووەمی سەرکردایەتی لەنێو ماڵی شیعەدا ، کەهیچ مێژووێکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەکتریدا نەبوو ، هاوکات بەحوکمی هێزو ئەجیندای دەرەکی پێگەیان وەرگرتبوو ئەمەش وایکرد کەمتر کار لەسەر یەکگرتوویی یاخود نزیکبوونەوەلەیەکتری بکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەجیندای دەرەکی لەگەڵ یەکڕیزی شیعەو هیچ هێزێکی تریش نەبوون لەعموومی عێراقدا ، ئەمەش لەگەڵ وویستی سیاسی وئابووری و شەخسی زۆرێک لە نەوەی دووەمی سیاسیەکانی شیعەدا دەگوونجا ، چونکە کەسیان سەرکردایەتی ئەوی تری قەبووڵ نەبوو تاوەکوو ئێستاش هەروایە .
 
  هۆکارە کانی دەرەوەی نێو ماڵی شیعە.

 کاریگەری گەورەیان لەسەر تێکچوونی شیرازەی نێو ماڵی شیعە هەبووەو هەیە ، ململانێی نێودەوڵەتی وئیقلیمی لەسەر عێراقدا لەبوارەکانی سیاسی و ئابووری وهەروەها 
گرنگی جیپۆلۆتیکی عێراق لەو ململانێیانەدا کاریگەری یەکجار گەورەی هەبوو ، بەشێک لەم ململانێیە ڕوون و ئاشکرایە و لانەکانیان بەئاشکرا دیارن و کاریگەرن لەسەرڕوەتی گشتی عێراق لەسەکتەرە جیاوازەکاندا ، بەشێکیش لەململانێکاندا شاراوەن و ئاشکرانین و بەڵام ڕۆڵ کاریگەریەکانی ئەم بەشەیان لەزۆرێک بوارەکاندا کاریگەرترە لە بەشە ئاشکراکەی ، لەهەردوو ململانێدا هیچ بوارو هیچ هێزێک لە عێراقدا نییە نەکەوتبێتە ژێرکاریگەری هاوکێشەکانی ئەم ململانێیانەدا بەشێوەێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ، بەتایبەتی هێزە گەورەو کاریگەرەکان لەسەر ئاستی جەماوەری وسیاسی و سەربازی ، جڵەوی ئاراستەکردنی سیاسی بەشێکی زۆری هێزە سیاسیەکانی عێراق و بەتایبەتیش شیعە کە زۆرینەی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن و زۆرینە جومگەکانی حکومەتی عێراقیان بەدەستەوەیە بە هێزوڕەوتە جیاوازەکانیانەوە  بەدەست لایەنەکانی ململانێی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیدایە ، یەکڕیزی شیعەش بەهیچ شێوەێک لەبەرژەوەندی هیچ یەکێک لەم لایەنانەی ململانێکاندا نییە ، بەڵکوو ئاسایشە ئەم لایەنانەی ململانێ لەسەر عێراقدا یەکبگرنەوە بۆ نەهێشتنی یەکڕیزی لەنێوان پێکهاتەێک لەپێکهاتەکانی عێراقدا یان نزیکبوونەوەێکی جددی لەنێوانیاندا بەتایبەتیش لەنێو شعەدا ، بۆیە زۆر بەدەگمەن دەبینین کە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی زۆرینەی شیعە لەدوای پڕۆسەی ئازادی بڕیارو کاری نیشتمانی عێراقیانەیان ئەنجامدابێ ، بەڵکوو زێتر لەفەلەکی بەرژەوەندی دەرەکیدا بووە ، کاتێک هەوڵێکی پێچەوانەی ئەم ڕەوتە هەبووبێ بەشێوەێکی زۆر تووند دژی وەستاونەتەوە لەنێو خوودی هێزە شیعیەکاندا هەروەک هەوڵەکەی (د.عادل عبدالمهدی ) هەوڵی ئەنجامدانی دا لە سەرئاستی نێوخۆی عێراق کاتێک هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دا و لەسەرئاستی دەرەکیش هەوڵی ئەوەی دا کە ڕووەو ڕۆژهەڵات دەرگای وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەی عێراق و،بووژاندنەوەی ژێرخانی عێراق واڵا بکات ، کاتێک سەردانی ووڵاتی چینی کرد و ڕێککەوتنێکی گەورەی لەبوارە جیاوازەکان ئیمزاکرد کەبێگوومان لەبەرژەوەندی هەموو عێراق بوو بەپێکهاتە جیاوازەکانەوە ، بەڵام لەماوەی  مانگێکدا هەمووعێراقیان بەگژیدا کرد تالادانی نەوەستان و دۆخەکەیان هێنایەوە چوارگۆشەی یەکەمەوە و تاساڵانێکی زۆری تریش دەبێ بەم شێوەیە بەردەوام بێ .

   کێشەی مەرجەعیەتی شیعە گەری لەسەر ئاستی جیهاندا 

ئەمەیان لەوە گەورەتر وەک هۆکار ناوی بنێین ، چونکە ئەوەندە هەستیارو گرنگە کە ڕۆژئاوا بەووردی کاری لەسەر دەکات و کردوویەتی بەبەشێکی گرنگ وستراتیژی بۆ یەکلاکردنەوەی ململنێکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لەم ڕێگایەشەوە یەکلاکردنەوەی ململانێی ئابووری لەگەڵ کۆماری چین و ڕووسیا لەئایندەدا ، چونکە ئەم دوو ووڵاتە زلهێزوکاریگەرە دۆستی  ئێرانن و لەڕێگای ئێرانەوە دەتوانن ئەجینداکانیان لەعێراقدا کارا بکەن ، بۆیە دوورخستنەوەی کۆماری ئیسلامی لەسەرپەرشتی ئاینی و مەرجەعیەتی شیعەی جیهان بەگشتی و عێراق بەتایبەتی وادەکات کاریگەری سیاسیشی کەمبێتەوە لەعێراقدا و بەمشێوەیەش بەدەری دەنێن لەهاوکێشە سیاسیەکانی عێراق ، وبەشێکی هێزە شیعیەکانیش لە  فەلەکی ئەم ئەجیندایە دەخولێنەوەو کاری جددی لەسەر دەکەن و بێگومان پێچەوانەکەشی ڕاستە ، وواتە بەشێکیش دژی ئەم ستراتیژیەیی ڕۆژئاوان و هاوپەیمانی کوماری ئیسلامی ئێرانن کەزۆرینەن ، ئەمەش یەکڕیزی نێوان هێزولایەنەکانی نێوماڵی شیعەی دابەشکردووە وئەگەری نزیکبوونەوەشیان لەیەکتری  زۆر ئەستەمە.

دەمێنێتەوە ڕۆڵی مەرجەعیەتی باڵای شیعە لەعێراقدا کە پێنج ئایەتووڵان ، و لەسەرووی هەموویان ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانییە ، ئەم پرسەیان کاریگەری زۆر گەورەی نەک هەر لەسەرئاستی عێراقدا هەیە ، بەڵکوو لەسەرکۆیی جیهانی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نابێتە زێدەڕۆیی ئەگەر بڵێین لەسەر زۆرێک لەهاوکێشەسیاسیەکانی جیهانیش دەبێ ، لێرەدا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەبێ بەهەستیاریەکی زۆرەوە لەگەڵ ئەمپرسەگرنگە مامەڵەبکات ، بەشێوەێک نابێ بەهیچ جۆرێک پشتگوێی بخات یان بەلاوازی مامەڵەی لەگەڵدا بکات ، زۆرجار گوێ بیستی ئەوە دەبین کە سەید عەلی سیستانی هیچ سیاسیەک نابینێ وسیاسەت ناکات ، ئەمە لەڕواڵەتدا زۆر ڕاستە ، بەڵام لەناوەڕۆکدا جڵەوی پرسەهەرە گرنگ وچارەنووس سازەکان لەعێراقدا لەکۆنتڕۆڵی ئۆڕگانی گەورە مەرجەع دەرناچێ، بەتایبەتی لەڕێگایی ـ سەید محمد ڕەزای عەلی سیستانی ـ بۆیە ئەم دابڕانەی ئێستا لەنێوان ئۆڕگانی تایبەت بە مەرجەعی باڵای شیعە و کوردهەیە هەڵەێکی گەورەیە ، بەتایبەتی هەقە کورد دەستپێشخەربێ لەم بوارەدا ، چونکە جۆرێک لە دڵشکان هەیە لەلایەن ئۆرگانی ئم مەرجەعە لەسەرکردایەتی کوردستان ، چونکە پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نوێنەرێکیان ناردبوو ، بەڵام وەکوو پێویست مامەڵەی لەگەڵ نەکرابوو ، هاوکات کەسی مەبەستداریان پێشاننەدابوون تا پەیامەکەی سەید عەلی سیستانی بگەێنێ .

هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ کورد ئەوەندە تێکەڵاوی  پرسی نێوخۆی ماڵی شیعە بێ ، چ لەنێوخۆی عێراق یاخود دەڕەوەی ئەم سنوورە ، چونکە ئەزموونی مێژوویی درێژی شیعە بەگشتی ئەوەی هەڵنەگرتووە پرسەکەنی خۆیان و گرفتەکانیان ئاوێتەی ڕەگەزی دەرەوەی خۆیان بکەن .