شارپرێس:
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، ئافرەتێکی چینی لەکاتی ئاهەنگی ژن گواستنەوە بۆ کوڕەکەی (بەتەبەنی) بۆی دەرکەوتووە کە بووکەکە، هەر کچە بزربووەکەی خۆیەتی.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، ئافرەتەکە لەناوچەی سوچو لەهەرێمی جیانگسوی چین دەژی، توانیویەتی لەڕێگای ئەو پەڵەیەی لەسەر دەستی کچەکەی بووە، بیناسێتەوە.
لەدوای بینینی پەڵەکە، دایکی زاوا پرسیاری لەدایکو باوکی کچەکە کردووە کە ئایا ئەو کچەیان هەڵگرتۆتەوەو لەمنداڵییەوە بەخێویان کردووە یان نا، لەوەڵامدا دایکو باوکەکە وتویانە بەڵی نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەرو لەسەر یەکێک لەڕێگاکان دۆزیویانەتەوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی چینی وێنەی دایکو کچەکەیان بڵاوکردۆتەوە کە لەکاتی ئاهەنگی بووک گواستنەوەکەدا باوەشیان بەیەکداکردووەو بەکوڵ دەگرین، ڕووداوەکەش لە31ى ئازاری ڕابردوو روویداوە.
لەکۆتاییدا پرۆسەی هاوسەرگیرییەکە تەواوکراوە، بەوپێیەی زاوا کوڕی دایکەکەیە بەتەبەنیو لەگەڵ کچەکەدا هیچ پەیوەندییەکی خزمایەتییان لەنێواندا نییە.
دایکەکە ڕوونی نەکردۆتەوە کە چۆن کچەکەی لێ بزربووە، بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە، دوای نائومێدبوونی لەدۆزینەوەی کچەکەی، بڕیاریداوە ئەو کڕە هەڵبگرێتەوەو بیکاتە منداڵی خۆی.
لای خۆیەوە بووکەکە وتویەتی، ڕۆژی دۆزینەوەی دایکە ڕاستەقینەکەی، خۆشترین ڕۆژ بووە لەژیانیدا.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی